به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سوهه‌یلا حیجاب، پارێزه‌ری به‌ندكراوی کورد، لە ڕۆژی ڕابردووەوە‌ بە مەبەستی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین بەرانبەر به‌ مانەوەی له‌ بەندیخانەی قه‌رچه‌ك و داخوازی بۆ گواستنه‌وه‌ بۆ زیندانی ئێوین،‌ مانی له‌ خواردن گرتووە، هه‌روه‌ها ناوبراو داوای كۆتاییهاتنی زەخت و گۆشاری ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌كانی‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی کردووە.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیانیش كه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی گوڵانی ئه‌مساڵدا له‌ گرتووخانەی ‌شاری “خووی”ـەوە گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندانی قه‌رچه‌ك، ڕایگه‌یاندوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژانی داهاتوودا نه‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ی خووی مان له ‌خواردن دەگرێت. ناوبراو كه‌ له‌م دواییانه‌دا تووشی نه‌خۆشیی كۆڤید ١٩ بووه‌، داوای پێڕاگه‌یشتنی پزیشكیی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان کردووە. ئه‌م دوو به‌ندكراوه‌ سیاسیه‌ كوردە ئێستا له‌ به‌ندی قه‌ره‌نتینه‌ی زیندانی قه‌رچه‌كدا ڕاگیراون.
سوهه‌یلا حیجاب، پارێزه‌ری یاسایی و خه‌ڵكی كرماشان، له‌ جۆزه‌ردانی ساڵی ڕابردوودا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی سپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و پاش ماوه‌یه‌ك گواسترایه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ ماڵە ئه‌منه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌یە و دواتریش دیسان برایەوه‌ بۆ به‌ندی ژنانی‌ زیندانی ئێوین. ناوبراو دواجار و پاش ٨ مانگ به‌ دانانی بارمته‌ی ٣ میلیارد تمه‌نی ئازاد کرا‌. ئه‌م پارێزه‌رە له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا به‌ تۆمه‌تی “پڕوپاگه‌نده‌ دژی حکوومەت”، “کۆبوونەوە و پیلانگ، “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی”، “تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە”، “دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان” و “داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران”، سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕایەوە. به‌ پێی مادەیەکی یاسایی سەبارەت بە تێکەڵکردنی حوكمه‌كان، لە کۆی ئەم حوکمانە، ٥ ساڵی بەڕێوە دەچێت. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەرداندا و پاش بانگکران بۆ لقی ٣٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەک.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، به‌ندكراوی سیاسیی خه‌ڵكی ماكۆ كه‌‌ ١٣ ساڵه‌ له‌ زینداندایه‌، له‌ ساڵی ١٣٩٠دا سزای سێداره‌كه‌ی پله‌یه‌ك كه‌م كرایه‌وه‌ بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ناوبراو به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ له‌ به‌ندیخانەدا‌ تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك كزیی چاو، ناخونەكی چاو و نەخۆشیی دەم بووە. هه‌روه‌ها دوو حه‌فته‌ پێش و دوابەدوای گواستنه‌وه‌ی بۆ زیندانی قه‌رچه‌ك، تووشی نه‌خۆشیی كۆڤید ١٩ بووە. زه‌ینه‌ب له‌م ماوه‌یه‌دا بۆ پشكنینی پزیشکی و ئێسكه‌نی سییه‌كانی ته‌نیا یه‌ك جار براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانەی ده‌ره‌وه‌ی زیندان‌، به‌ڵام سه‌رەڕای پێداگریی پزیشكەکان لەسەر ‌تووشبوونی به‌و نه‌خۆشییه‌ و ناجێگیریی سییه‌كانی و زەروورەتی پێڕاگەیشتنی تایبه‌ت، دیسان گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ زیندان.

ڕه‌زا خه‌ندان، چالاكی مافی مرۆڤ، دوێنێ له‌ تاران له‌ لاپەڕەی فه‌یسبوكی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌ گواستنه‌وه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان بۆ زیندانی قه‌رچه‌ك کردووە و نووسیویەتی: ماوەیەکە زەینەبیان بردۆتە‌ به‌ندی قه‌ره‌نتینه‌ی زیندانی قه‌رچه‌ك کە پێداویستییە ئاساییەکانی بەندیخانەشی تێدا نییە و له‌و دۆخه‌ ده‌ژواره‌دا وازیان لێ هێناوه و پێی ڕاناگەن‌، تەنانەت سه‌ره‌ڕای تووشبوونیشی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادە نەبوون هیچ گۆڕانکارییەک لە بارودۆخیدا بکەن. ئه‌و ده‌ڵێ كاتێک له‌ به‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ی بردیانه‌ نه‌خۆشخانه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی پشكنینیشدا كه‌له‌بچه‌كه‌ هه‌ر به‌ده‌ستیه‌وه‌ بووه‌‌ و پزیشك به‌و كه‌له‌بچانه‌وه‌ پشكنینی بۆ كردووه‌. ناوبراو له‌م ماوه‌یه‌دا بۆ هه‌ركه‌سێك كه‌ توانیویه‌تی نامه‌ی نووسیوه‌ و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ گرتووه،‌ به‌ڵام هێشتا هەر هیچ ئاوڕێکی لێ نەدراوەتەوە. زه‌ینه‌ب ده‌ڵێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوای ١٣ ساڵ زیندان ئیتر هێزی مانگرتن له‌ خواردنم نه‌ماوه،‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا چه‌ند ڕۆژی داهاتوو له‌ قه‌رچه‌كه‌وه‌ نه‌مگوێزنه‌وه‌ مان له‌ خواردن ده‌گرم.