به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، «كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان سولۆ» به‌ندكراوی سیاسیی كورد، ڕۆژی شه‌ممه ٢٤ی جۆزه‌ردان له به‌ندیخانه‌ی ورمێ گواستراوه‌ته‌وه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شاره. له ڕۆژانی ڕابردوودا بنه‌ماڵه‌کەی، پارێزه‌ره‌كه‌ی و چالاكان و رێكخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، نیگه‌رانیی خۆیان له‌م گواستنه‌و كتوپڕ و بێ‌هۆکاره ده‌ربڕیوه.
محه‌ممه‌د ساڵح نیكبه‌خت، پارێزه‌ری ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه، له وتووێژێكی چڕوپڕدا له گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له‌سەر ورده‌كارییه‌كانی دۆسیه‌ی كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان، وتی: “من دوێنی له لایه‌ن یه‌كێك له پارێزراوه‌كانمه‌وه له به‌ندیخانه‌ی ورمێ ئاگادار كراومه‌ته‌وه كه كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان له به‌ندیخانه‌ی ورمێ گواستراوه‌تەوە به بێ ئه‌وه‌ی دیار بێ بۆ كوێیان بردوه.ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی ئازادبوونی ناوبراو لە بەندیخانە نزیك بووینه‌تەوه و له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا كه چه‌ند ڕۆژ پێش له‌گه‌ڵ ئیجرای ئه‌حكامی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ورمێ‌دا بووم، به من گوترابوو كێشه‌یه‌ك بۆ ئازادبوونی ئه‌و لە ئارادا نییه و ئێمه ده‌مانهه‌وێ ئازاد ببێ. به‌ڵام ڕه‌وتی ئاسایی ئازادیی به‌ندكراوان به‌و شێوه‌یه كه به زیندانییەکە ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ ئه‌و ئازاد ده‌كرێ و دەتوانێت جلوبه‌رگ و كه‌ره‌سته‌كانی خۆی کۆ بکاتەوە. ئه‌وه ڕه‌وتێكی ئاسایی و ڕۆتینە كه بۆ كه‌ماڵ حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان ڕووی نه‌داوه و ئه‌مه‌ش جێی نیگه‌رانییه بۆ من”.
پارێزه‌ری کەمال ڕەمەزان هەروەها سەبارەت بەو تۆمەت و حوکمەی بە سەریدا سەپاوە وتی: “هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای بوونی نیگه‌رانیی زۆر، بەڵام داوا له چالاكان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌م به شیوازێك باس له بابه‌ته‌كه نه‌كه‌ن کە گوایە ئه‌ویان بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمی ئیعدام بردووه، چونكوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر هێشتا پێ‌داگر بن لەسەر ئەوەی كه “كه‌مال حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان سۆلۆ” هەمان ئه‌و “كه‌ماله سوور”ـەیە کە مه‌حكووم کراوە به ئێعدام (چونکوو بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدان بۆ کەسێک بە ناوی کەمالە سوور دەرکراوە)، ده‌بێ دادگایه‌كی دیكه به‌ڕێوه بچێ. من ناڕه‌زایه‌تیم له هه‌مبه‌ر ئه‌م بابه‌ته و بڕیاری به‌م شێوەیە ده‌ربڕیوه و ئه‌گه‌ر دادگایه‌كی دیكه به‌ڕێوه بچێ، بێگومان بڕیاری ئێعدام به‌ڕێوه ناچێ، هه‌رچه‌ند ئێمه ده‌بێ ئەگەری ڕوودانی نامومکینترین رووداوەکانیش له به‌رچاو بگرین و نیگه‌رانیی من ئه‌وه‌یه كه پرسه‌كه‌ی زانیار و لۆقمان مورادی دووپات بكرێته‌وه. من له خودا داوا ده‌كه‌م ئه‌م كاره‌ساته قەت دووپات نه‌بێته‌وه”.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، پێش له ده‌ستبه‌سه‌ركرانی كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان سۆلۆ له ساڵی ١٣٩٣دا، بە شێوەی غیابی حوكمی ئێعدام بۆ كه‌سێك به ناوی كه‌ماڵه سوور دەرچووە، ئەویش به تۆمه‌تی به‌شداریکردن له ته‌قینه‌وه‌ی مۆڵگه‌یه‌كی سه‌رسنووری سپای پاسداران‌دا كه كوژرانی كه‌سێكی لێ كه‌وتبۆوه. پاش ده‌ستبه‌سه‌ركرانی كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان سۆلۆ و بە پێی لێکچوونی ناوی ئەو دوو کەسە، ئیداره‌ی ئیتڵاعات و دادگای شاری ورمێ له‌سه‌ر ئه‌و باوڕه بوون كه‌مال حه‌سه‌ن ره‌مه‌زان هه‌مان که‌ماله سووره و ئه‌و حوكمه‌ی له نه‌بوونی خۆیدا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه ده‌كرێ بەڕێوه ببرێت.
بەڵام ساڵح نیکبەخت به هه‌وڵ و تێكۆشانێکی زۆر و پێشکەشکردنی کۆمەڵێک بەڵگە و دێكۆمێنت، بە دادگای سه‌لماندووه كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان ئه‌و كه‌سه نییه كه وا به تۆمه‌تی به‌شداریکردن له ته‌قینه‌وه‌ی مۆڵگه‌ی سه‌رسنووری سپای پاسداران و كوژرانی كه‌سێكدا حوکمی لەسێدارەدانی غیابیی به‌سه‌ردا سه‌پاوه. تەنانەت خودی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانیش كه به‌رپرسی ده‌ستبه‌سه‌ركردن و لێكۆڵینه‌وه له كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان بووه، ئه‌و بۆچوونه‌ی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی ڕه‌ت کردۆته‌وه و پێی وایە ئەو دوو کەسە یەکێک نین. سه‌ره‌ڕای هەموو ئه‌مانه، وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات هێشتا هەر پێداگره له‌سه‌ر بۆچوونەکەی خۆی و دەڵێ ئەبێ ئەو حوكمی ئێعدامە بەڕێوە بچێت و پێده‌چێ گواستنه‌وه‌ی له‌ناكاوی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه‌ش بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی تایبه‌تیی ئیتڵاعات هه‌ر بۆ ئە‌م مه‌به‌سته بێ.