دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له‌سه‌ر لێدان و په‌لاماردانی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ندكراوان له‌ لایه‌ن به‌رپرسی زیندانی بۆكانەوە، ڕۆژی ڕابردوو چوار كه‌س له به‌ندكراوانی به‌ندی ٢ی ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌ به‌ فه‌رمانی سەرۆکی زیندان براونه‌تە حەوشەی بەندەکە و به‌ باتۆمی ئه‌لكترۆنیكی ئەشکەنجە کران. هه‌روه‌ها بە مەبەستی چاوترسێنکردن و تەمێکردنیان، پاسەوانانی بەندیخانە‌ سه‌ری هەر چواریان تاشیوون.
سه‌رچاوەکانی تۆڕی مافەکانیی مرۆڤی كوردستان له‌ بۆكان، ناسنامەی ئه‌و چوار زیندانییهیان بۆ ئاشکرا کردین کە‌ بریتین له‌ “مێهران جه‌عفه‌ری، ئه‌یوب ئه‌سه‌دی، ئه‌مانوڵڵا‌ نه‌قشبه‌ندی و جه‌عفه‌ر سه‌عیدی”.
ده‌وترێ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م به‌ندكراوانه‌ ئه‌مڕۆ دوای ئاگاداربوون له‌ لێدان و په‌لاماردانی منداڵه‌كانیان له‌ لایه‌ن سەرۆکی زیندانه‌وه‌، ئەمڕۆ سکاڵایان تۆمار كردوه‌، به‌ڵام سەرۆکی زیندان ده‌سبه‌جێ ئه‌و چوار كه‌سه‌ی بانگ كردووه‌ و  هه‌ڕه‌شه‌ی  لێ كردوون ئه‌گه‌ر بێت و بنه‌ماڵه‌كانیان واز له‌و سکاڵاکە نەهێنن و به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن، ئەوا ئەمیش دۆسیه‌ی تازه‌یان بۆ ده‌كاته‌وه‌.
ڕێژه‌ی به‌ندكراوانی به‌ندیخانه‌ی بۆكان ٢٥٠ كه‌سه‌‌ و له‌ دوو به‌شی جیاوازدا ڕاگیراون، ڕێژه‌ی چڕیی به‌ندكراوان و په‌ره‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆڤید ١٩ بۆته‌ هۆی پەرەسەندنی نیگه‌رانییەکانی به‌ندكراوان، بە تایبەت کە له‌ مانگی ڕابردوودا‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌كانی‌تر، سەرۆکی ئه‌م به‌ندیخانەیە‌ به‌ بیانووی به‌ڕێوه‌نه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی شۆرای پۆلێنبه‌ندیی زیندانەوە بەری بە چوونە مورەخەسیی ئه‌و به‌ندكراونه‌ گرتووە كه‌ بە پێی یاسا ئەو مافەیان هەیە و دەبێ بتوانن وەک پشوویەکی کاتی و بە دانانی بارمتە، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بچنە مورەخەسی.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كان، حه‌بیب موحه‌مه‌دی له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ڕابردوودا وه‌كوو سەرۆکی زیندانی بۆکان ده‌ستنیشان كرا و له‌ ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك ساڵه‌دا چەندین جار هەڕەشە و پەلاماری ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی داوە كه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه.‌
بنه‌ماڵه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌م به‌ندكراوانە له‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستاندا،  باسیان له‌وه‌ش كرد کە له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا، “برووجێنی”. به‌رپرسی گشتیی به‌ندیخانه‌كانی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، سه‌ردانی به‌ندیخانه‌ی بۆكانی كردووه‌ و دوای ئه‌وه‌ی به‌ندكراوان بەرانبەر به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و پەلاماردانەکانی سەرۆکی به‌ندیخانه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوە، ناوبراو له‌ وه‌ڵامی سکاڵاکاندا ڕایگه‌یاندووە کە هه‌ڕەشه‌كردن و پەلاماردانی به‌ندكراوان به‌ ئاگاداری و پشتیوانی و ڕەزامەندیی خودی خۆیەوە بووە.