بنه‌ماڵه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ندكراوانی به‌ندیخانه‌ی شاری بۆكان‌ کە به‌ هۆكاری ئه‌منیه‌تییه‌وه‌ نه‌یاندەویست ناویان ئاشكرا بکرێت، له‌ وتووێژێكدا لەگه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕایانگه‌یاند کە به‌ندییه‌كانی ئه‌و به‌ندیخانەیە‌ كه‌وتوونەتە‌ به‌ر په‌لامار و لێدان و هه‌ڕه‌شه‌ی “حه‌بیب موحه‌مه‌دی”ی سەرۆکی به‌ندیخانەکەوە.

ڕێژه‌ی به‌ندكراوانی به‌ندیخانه‌ی بۆكان ٢٥٠ كه‌سه‌‌ و له‌ دوو به‌شی جیاوازدا ڕاگیراون، ڕێژه‌ی چڕیی به‌ندكراوان و په‌ره‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆڤید ١٩ بۆته‌ هۆی پەرەسەندنی نیگه‌رانییەکانی به‌ندكراوان، بە تایبەت کە له‌ مانگی ڕابردوودا‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌كانی‌تر، سەرۆکی ئه‌م به‌ندیخانەیە‌ به‌ بیانووی به‌ڕێوه‌نه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی شۆرای پۆلێنبه‌ندیی زیندانەوە بەری بە چوونە مورەخەسیی ئه‌و به‌ندكراونه‌ گرتووە كه‌ بە پێی یاسا ئەو مافەیان هەیە و دەبێ بتوانن وەک پشوویەکی کاتی و بە دانانی بارمتە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بچنە مورەخەسی.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كان، حه‌بیب موحه‌مه‌دی له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ڕابردوودا وه‌كوو سەرۆکی زیندانی بۆکان ده‌ستنیشان كرا و له‌ ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك ساڵه‌دا چەندین جار هەڕەشە و پەلاماری ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی داوە كه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوه.‌

له‌ درێژه‌ی وتووێژی بنه‌ماڵه‌ی ئەم به‌ندكراوانە له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستاندا، ئەوان باسیان له‌وه‌ش كرد کە له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا، “برووجێنی”. به‌رپرسی گشتیی به‌ندیخانه‌كانی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، سه‌ردانی به‌ندیخانه‌ی بۆكانی كردووه‌ و دوای ئه‌وه‌ی به‌ندكراوان بەرانبەر به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و پەلاماردانەکانی سەرۆکی به‌ندیخانه‌ ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیوە، ناوەبراو له‌ وه‌ڵامی سکاڵاکاندا ڕایگه‌یاندبوو کە هه‌ڕشه‌كردن و پەلاماردانی به‌ندكراوان به‌ ئاگاداری و پشتیوانیی و ڕەزامەندیی خودی خۆیەوە بووە.