ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئێیسلامی ئێران لە نزیک گوندی “کەرکووش”ی شاری خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کاروانێک لە کۆڵبەرانیان دایە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر گیانیان لە دەست دا. بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە چەکدارەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لەم کۆڵبەرانە کردووە و گوللەکان بەر چاو و ملیان کەوتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری خۆیدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «کاتژمێر ٢٢ی ئەمشەو (پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان) دەستەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی گوندی کەرکووشی ناوچەی ئەلەند، لە لایەن پاسگای ئەم گوندە سنوورییەوە کەوتنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ۆاسەوانی سنوورەوە. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی موحسێن دەروێشزادە و ئیبراهیم جۆردیزەج گیانیان لە دەست دا.» بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، موحسێن دەروێشزادە خێزاندار بوو و منداڵێکیشی هەیە، ئیبراهیم جۆردیزەجیش زگورت بوو.
بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە حەفتەی ڕابردوودا ٥ کۆڵبەر و کاسبی سەرسنوور لو ناوچە سنوورییەکانی نێوان پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و وڵاتی تورکیادا کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و تورکیاوە و گیانیان لە دەست داوە، بە پێی ئەم ئامارە ٦ کەسی دیکەیش بریندار بوون.