تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی ڕەشەمە / ٠٣.١٨، “سیروس عەباسی”، چالاکوانی مەدەنیی کوردی دەستبەسەرکراو بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکراوە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و بەردەوام لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، هەروەها مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لێ زەوتکراوە.

سیروس عەباسی” و هاوسەرەکەی “فەریدە وەیسی“، دوو چالاکوانی مەدەنیی کوردی دانیشتووی شاری دێولان ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار / ٢٠٢٠.٠٢.١٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیان، فێرگەی زانست، دەستبەسەرکران و ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون.

ئازاد عەباسی، برای سیروس عەباسیش پاش ئەوەی بەمەبەستی بەدواداچوون سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانی کردبوو دەستبەسەرکرابوو.

فەریدە وەیسی ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمە / ٠٣.١٥، پاش ٦ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە و ئازاد عەباسی ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٧ بە دانانی بارمتە ئازادکرابوون.