سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەیوب ئەسەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی کاشمەر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی ئەیوب ئەسەدی و ڕەزامەندیی بەرپرسانی بەندیخانەی کاشمەر بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە، داواکاریی گشتیی ئەو شارە ڕێگری دەکات لەوەی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی بدرێتێ”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەیوب ئەسەدی نەخۆشیی ئاسمی هەیە و لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە بۆ دەرمانی دراوەتێ، لەئێستادا بەهۆی ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەکان و قورستربوونەوەی نەخۆشییەکەی زیاتر لە هەمیشە پێویستیی بە ئەو مۆڵەتە هەیە.

هەروەها پزشکانی ناوەندی تەندروستیی بەندیخانەی کاشمەریش جەختییان کردووەتەوە کە پێویستە بۆ دەرمان بچێتە دەرەوە لە بەندیخانە بەڵام بەرپرسانی دەزگای دادی ئەو شارە ئەم داواکارییەیان ڕەتکردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی: “ژمارەی پێنج ئەوەندەی حاڵەتی ئاسایی لە بەندیخانەی کاشمەردا بەندکراون، ئەوەش وایکردووە نیگەرانییەکان سەبارەی بە تووشبوونی ڤایرۆسی کرۆنا لەو بەندیخانەیەدا زیاد بکات”.

هەفتەی ڕابردوو بەندکراوێک لە بەندیخانەی کاشمەر کە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنای لەسەر بوو بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە، بەڵآم تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی ئەو بەندکراوە لە بەردەستدا نییە.

ئەیوب ئەسەدی، هاوڵاتیی خەڵکی مەریوان لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ٩٠دا / ٢٠١١.٠٦.١٥، لەگەڵ محەمەد حوسێن ڕەزایی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدرابنەوە لە گوندی “بۆڕیەر”ی سەربە سەوڵئاوا دەستبەسەرکرا.

پاش سێ جار دادگاییکران لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی “دادوەر بابایی” لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩١دا / ٢٠١٢.٠٩.١٧، بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” بە ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر سزادرا.

ئەویوب ئەسەدی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ دا / ٢٠١٣.٠٤.١٧، بانگ کرایە جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانە و ڕاستەوخۆ لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر دوورخرایەوە.