لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەشت بەندکراوی مەزهەبی کە سزای کەمتر لە ٥ ساڵیان هەیە بەناوەکانی “هاشم دەروێشی”، “ئیبراهیم مورادی”، “فاروق لەواشلویی”، “ئاوات جەوانبەخت”، “ئەکبەر عومەری”، “هیدایەت عەلیزادە”، “ساڵح خۆشکەلام” و “یوسف قەرنی پور” لە بەندیخانەی ورمێدا مۆڵەتی چوونە دەرەوە لە بەندیخانەیان دراوەتێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وتی: “لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئیبراهیم مورادی، ئاوات جەوان، فاروق لەواشلویی و ئەکبەر عومەری و چوار بەکدراوەکەی دیکەش لە ڕۆژانی پێشتر دا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان دراوەتێ”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هیدایەت عەلیزادە سزای ٤ ساڵی بەسەردا سەپێندراوە و ٧ بەندکراوەکەی دیکەش ماوەی ٥ ساڵ سزای بەندکراوەکەیان لە بەندیخانەی ورمێدا تێپەڕدەکەن.

ئەو هەشت بەندکراوە لەکاتێکدا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان دراوەتێ کە ژمارەیەکی زۆری بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە بەندیخانەی ورمێدا هەن کە سزای کەمتر لە ٥ ساڵیان هەیە.

بەپێی بڕیارنامەی تازە دەزگای دادی ئێران، ئەو بەندکراوانەی بە هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبارن و سزاکەیان کەمترە لە ٥ ساڵ پێویستە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان بدرێتێ، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەیسەلمێنێت لە کۆی زیاتر لە ٥٠ بەندکرای سیاسیی کورد بە سزای کەمتر لە ٥ ساڵەوە تا ئێستا ژمارەیەکی کەمیان نێردراونەتە دەرەوەی بەندیخانە.

بەگوێرەی ئەو زنیارییەانەی بە تۆڕ گەیشتوون، هاشم دەروێشی لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٥ەوە / ٢٠١٦.٠٩، ئیبراهیم مورادی لە مانگی ٢٩ی سەرماوەزی ٩٦ەوە / ٢٠١٧.١٢، فاروق لەواشلویی لە مانگی گوڵانی ٩٧ ەوە / ٢٠١٨.٠٥، ئاوات جەوانبەخت لە جۆزەردانی ٩٧ەوە / ٢٠١٨.٠٦، ئەکبەر عومەری و هیدایەت عەلیزادە لە گوڵانی ٩٦ەوە / ٢٠١٧.٠٥، ساڵح خۆشکەلام لە جۆزەردانی ٩٦ەوە / ٢٠١٧.٠٦ و یوسف قەرنی پور لە گەلاوێژی ٩٦ەوە / ٢٠١٧.٠٨ بە تۆمەتی “ئەندامێتیی گورپە سەلەفییەکان” بە بەندکران سزادراون.