ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی ڕەشەمە / ٠٣.١٥، “فەریدە وەیسی“، چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە لە رۆژی ١٩ی ڕەشەمەوە / ٠٣.٠٩ وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە ڕوون نەبوونی ڕەوشی دۆسییەکەی دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن بە دانانی بارمتە ئازادکرا.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ئەو چالاکوانە مەدەنییە نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو پاش شەش ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئازادکرا، بەڵام سیروس عەباسی هاوسەری تا ئێستا دەستبەسەرە و لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت”.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی، سیروس عەباسی لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە بێبەش بووە لەوەی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و تەنیا چەند پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتی هەبووە.

ئەو دوو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار / ٢٠٢٠.٠٢.١٣، لە شوێنی کارەکەیان لە فێڕگەی زانستی شاری دێولان دەستبەسەرکران، ئازاد عەباسی، برای سیروس عەباسیش کە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەو دوو چالاکوانە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانی کردبوو دەستبەسەرکرابوو.

ئازاد عەباسی ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٧ پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.