ئەیوب ئەسەدی

هاوڵاتی کوردی خەڵکی مەریوان

دەستبەسەرکران: ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٠ / ٢٠١١.٠٦.١٥

تۆمەت: هاوکاریکردنی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سزا: ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی کاشمەر

ئەیوب ئەسەدی، هاوڵاتیی خەڵکی مەریوان لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ٩٠دا / ٢٠١١.٠٦.١٥، لەگەڵ محەمەد حوسێن ڕەزایی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدرانەوە لە گوندی “بۆڕیەر”ی سەربە سەوڵئاوا دەستبەسەرکرا. هێزەکانی سپای پاسداران لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا تەقەیان لێکردن. لە ئەنجامدا خۆی و هاوڕێکەی برینداربوون و جووتیارێکی خەڵکی ئەو ناوچەیەش کوژرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٠دا / ٢٠١٢.٠٢.٠٨، بۆ بەندیخانەی سنە گواسترایەوە و پاش سێ جار دادگاییکران لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی “دادوەر بابایی” لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩١دا / ٢٠١٢.٠٩.١٧، بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” بە ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر سزادرا.

پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسیی تانەی لەو سزایە دا، بڕیاری دادگای نێردرایە دادگای باڵای وڵات بەڵام هەرگیز وەڵامی نەدرایەوە.

ئەویوب ئەسەدی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ دا / ٢٠١٣.٠٤.١٧، بانگ کرایە جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانە و ڕاستەوخۆ لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر دوورخرایەوە. لەم ماوەیەشدا بەهۆی هەبوونی کێشەی بڕبڕەی پشت و نەخۆشیی ئاسم لە دۆخێکی نالەباردا بەسەری بردووە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە بەردەوام گوتویانە کە بەهۆی هەستیاربوونی ڕەوشی دۆسییەکەیەوە ناتوانن بینێرنە نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە و چارەسەریی بۆ بکرێت. تەنانەت پێیان گوتووە کە بۆ وەرگرتنی سپرای “ئاسم” دەبێت پارەکەی بدەیە بەندیخانە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٦.٠٦، وەک ناڕەزاییەک بە رامبەر بە ڕەتبوونەوەی داواکاریی مۆڵەتی چوونەدەرەوەی لە بەندیخانە، گرنگی نەدان بە ڕەوشی ناجێگریی تەندروستییەکەی و بە داواکاریی گواسترانەوە بۆ بەندیخانەیەکی دیکە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. لە ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕدا / ٢٠١٦.٠٧.٠٢، پاش ٢٧ ڕۆژ  کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و لە ژووری تاکەکەسییەوە بۆ ناو بەند گەڕێندرایەوە.

ئەیوب ئەسەدی لە ئێستادا ٩یەمین ساڵی ماوەی سزای ٢٠ ساڵ بەدکرانی تێپەڕدەکات و لە کاتێکدا بەهۆی ناجێگیربوونی دۆزی تەندروستییەوە پێوویستە بنێڕدرێتەوە دەرەوەی بەندیخانە، تەنیا دوو جار بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەڕێکراوە بۆ نەخۆشخانە بەبێ ئەوەی چارەسەری وەربگرێت گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.