پەروین ئەدوایی” و “فەریدە وەیسی” لە ڕۆژی دووشەممە  ١٩ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٩ لە ناوەنی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنەدا دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “فەریدە وەیسی پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە برایە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و وابڕیاربوو بە دانانی بارمتە ئازادبکرێت بەڵام ئەوە ڕووی نەدا، ناوبراو هێشتا لەکاتێکدا ڕەوشی دۆسییەکەی ڕوون نەبووەتەوە لەو ناوەندەدا ماوەتەوە، بۆیە وەک ناڕەزاییەک دەستی داوەتە مانگرتن”.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، هاوکات پەروین ئەدوایی، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەوەی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی نادرێتێ مانی لە خواردن گرتووە، ئەوە لەکاتێکدایە کە پێی بڕیارنامەی دەزگای دادی ئێران پێویستە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە بدرێت بەو بەندکراوانەی سزای کەمتر لە ٥ ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە پەروین ئەدوایی پێش ئەوەی بەندبکرێت نەشتەرگەریی گواتری بۆ ئەنجام درابوو و لە ئێستادا پێویستە لە ژێر چاودێڕیی پزشکیی دا بێت.

پەروین ئەدوایی لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٧.٢٧، لە مەریوان دەستبەسەرکرا و برا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە. دوو مانگ دواتر پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترایەوە. سەرەنجام ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

ئەو چالاکوانە ژنە پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێگەی هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا، ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ کەم کرایەوە. لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەنداندا / ٢٠٢٠.٠١.٣٠ لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە بەندکرا.

فەریدە وەیسی، چالاکوانی مەدەنی ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار / ٢٠٢٠.٠٢.١٣ لە شوێنی کارەکەی (فێرگەی زانست) لەگەڵ سیروس عەباسی، هاوسەری، دەستبەسەرکرا و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕەوانەکرا. هەرچەند دوایە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە بەڕێکرا بەڵام لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامییان هەبوو