بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار چالاکوانی مەدەنیی کورد بەناوەکانی “ئامانج نیک پەی“، “شادمان بەنی بەشەر“، “هێرش خوسرەوی” و “ئەمیر گەوێڵی” بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە و دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکران.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشیتوون، ئامانج نیک پەی ڕۆکی ١٩ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٩ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی مەریوان و شادمان بەنی بەشەر و هێرش خوسرەوی ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمە / ٠٣.١٠ بە دانانی بارمتەی ١٥٠ و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی سنە ئازادکران.

هەروەها ئەمیر گەوێڵی، هاوڵاتییەکی دیکەی کورد کە ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندان / ٠٢.١٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکراوە.

ئامانج نیک پەی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “نێ” ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار / ٠١.١٥ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی مەریوانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاشان بۆ بەندیخانەی مەریوان بەڕێکرابوو.

شادمان بەنی بەشەر، چالاکوانی ژینگەپارێز و یەک لە ئەندامانی “گروپی شاخەوانیی چل چەمە” ڕپژی ٢٤ی ڕێبەندان / ٠٢.١٣، لە شەقامێکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترایەوە.

هێرش خوسرەوی لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا / ٢٠٢٠.٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندی “زەنان”ی سنە دەستبەسەرکرابوو و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانە ڕەوانەکرابوو.