ئەحمەد تەمویی

هاوڵاتی کوردی خەڵکی سەڵماس

دەستبەسەرکران: ٢ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ / ٢٠٠٧.١٠.٢٤

تۆمەت: دژایەتی لەگەڵ خودا (محاربە) لەڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دا

سزا: ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

ئەحمەد تەمویی، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی سەڵماس لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧.١٠.٢٤ لە شاری مهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستەبەسەرکرا و هەر ئەو ڕۆژە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ورمێ گوازرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ساڵی ١٣٩٥ / ٢٠١٦ لە نامەیەکی کراوەدا بۆ ئەحمەد شەهید، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیویەتی کە لە ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێدا بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پژاک” بۆ ماوەی دوو مانگ ئەشکەنجەدراوە. بەگوتەی ئەو بەندکراوە، هێزە ئەمنییەکان لەو ماوەیەدا لە ڕێگەی “بەکارهێنانی شۆکەر و قامچی”، “هەڵواسین” و “لەسێدارەدانی نمایشی” ئەشکەنجەیان داوە.

ئەحمەد تەمویی پاش دوو مانگ لێپرسینەوە و ئەشکەنجە بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی مهاباد ڕەوانە کراو مانگێکیش لەوێ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی مهاباد.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهاباد بە تۆمەتی “دژایەتەی لەگەڵ خودا (محاربە)” دادگایی کرا، دانیشتنی ئەو دادگایە تەنیا ١٠ خولەکی خایەند. پاش ماوەیەکی کورت سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ بەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا. پاشان هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە پارێزەرەکەی کرد و ناچاریان کرد دەست لە کاربکێشێتەوە، بەو هۆیەشەوە نەیتوانی تانە لە سزاکەی بدات و بڕیاری سەرەتایی دادگا وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە هاوینی ساڵی ١٣٨٧ / ٢٠٠٨ لەکاتی سەرلێدانی داواکاری گشتیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ بەندیخانەی مهاباد بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی دادگا و پشتڕاستکردنەوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

بەگوێرەی نامە کراوەکەی ئەو بەندکراوە، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ / ٢٠١٠.١٢دا بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لەکاتی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی “حسێن خزری”، ئەو و چەند بەندکراوێکی دیکەیان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانە گواستووەتەوە و لەو ڕێگایەوە ئەشکەنجەی دەروونییان داون. ئەحمەد تەمویی پاش لەسێدارەدانی حسێن خزری بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

ئەحمەد تەمویی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٨٩ /  ٢٠١١.٠٢.١٦ لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە و بۆ ماوەی مانگێک بە تۆمەتگەلی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” و “پەیوەندی بە دەزگا ڕاگەیەندنەکانی دەرەوەی وڵات” لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. هەروەها لە ساڵی ١٣٩٠ / ٢٠١١ بەبێ هیچ هۆکارێک بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخنەی ورمێدا بەندکرا.

پاشان لە مانگی بەفرانباری ئەو ساڵەدا / ٢٠١٢.٠٢ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕەوانەی دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی خرایە ژێر فشارەوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ ڕەزبەری ١٣٩١ / ٢٠١٢.١٠.١١ جارێکی دیکە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات و بۆ دوو مانگ بە تۆمەتگەلی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” و “پەیوەندی بە ئەحمەد شەهید، ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە” لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەگوتەی ئەو بەندکراوە سیاسییە، لێکۆڵەرەکانی ئیتلاعات لە ئەنجامدا داوایان لێکردووە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئامادەبێت و دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە بۆیان دیاری کردووە، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە. بەو هۆیەشەوە کاتژمێر ١٢ شەوی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩١ / ٢٠١٢.١٢.١٠ بەمەبەستە ئەشکەنجەی دەروونی براوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانە و پێی وتراوە کە سزای سێدارەکەی دەرکراوە و وابڕیارە جێبەجێ بکرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا قبوڵی نەکردووە لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا ئامادە بێت.

هەر ئەو شەوە لەکاتێکدا دەست و قاچی بەسترابووە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج دوورخراوەتەوە و ماوەی ٧ مانگ بەبێ هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکەی لەو بەندیخانەیەدا ڕاگیراوە.

ئەحمەد تەموو لە مانگی پوشپەڕی ١٣٩٢ / ٢٠١٣.٠٧ دیسانەوە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ. مانگێک دواتر بۆ نووسینگەی ئیتلاعاتی بەندیخانە بانگ کرا، ئەشکەنجە درا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. پاشان بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان و هەفتەیەک بۆ بەندی بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکان گوازرایەوە.

لە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ / ٢٠١٦.١١.٠٨ لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەحبوبی دادگایی کرا، دادگا سەرەنجام لە ڕۆژی ٢٦ی بەفرانباری ئەو ساڵەدا / ٢٠١٧.٠١.١٥ ناوبراوی لەو تۆمەتانەی پێی هەڵبەسترابوو بێبەری کرد.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لەم ساڵانەدا چەندین جار بەهۆی بەشداریکردنی لە ناڕەزاییە گشتییەکان و مانگرتنەکانی بەندکراواندا لەلایەن نووسینگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی بەندیخانەی ورمێوە بانگ کراوە و ئەشکەنجە دراوە.

ئەحمەد تەمویی لە ئێستادا ١٣یەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەڕدەکات و لەم ماوەیەدا مافی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی لێ زەوتکراوە.