تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارسەوە، ڕۆژی جیهانی ژنان ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە دەستبەسەرکران و بەندکرانی چالاکوانانی ژنی کورد لە ٨ مارسی ساڵی پارەوە بۆ ئێستا ئامادەکردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەو ماوەیەدا لانیکەم ٢٨ چالاکوانی ژنی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. ژمارەیەک لەو کەسانە لە چەند مانگ پێش ئێستاوە دەستبەسەرکراون و هندێکی دیکە ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون. هەروەها زەینەب جەلالیان هێشتا وەک تاکە بەندکراوی سیاسیی ژن بە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی لە بەندیخانەدایە.

هەروەها لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا لە شارەکانی کرماشان، مەریوان، جوانڕۆ و … سەدان هاوڵاتی ناڕازی دەستبەسەرکان کە دەیان لەوان ژن بوون. لەناو سەدان هاوڵاتی کە لەو خۆپیشاندانانەدا کوژران دوو ژنی کورد بەناوەکانی “زیبا خوشگوار” لە سنە و “مینا شەیخی”ی خەڵکی سەقز لە تاران کوژراون.

فاتێمە کەریمی، بەڕێوبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بەردەوامبوونی سەرکوت و دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی ژنی کورد لە ئێران دەڵێت: “ساڵی ١٣٩٨ ساڵێکی پڕ لە قەیرانە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوو بۆ خەڵک، مافەکانی ژنان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کۆماری ئیسلامییەوە لەڕێگەی دانانی یاسای جیاکارانەی دژبەژن دەستی پێکرد، لەو ساڵانەشدا هەموو بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان بەهۆی بەڕێوبەرایەتیی نادروستەوە بەلاڕێداچوون. یاسا دژە ژنەکان و بەڕێوبەرایەتیی نادروستی سەرچاوە ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ژنانیان زیاتر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا خستووەتە ژێڕ گۆشارەوە”.

ئەو لێکۆڵەرەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ هەروەها ئاماژە بەوە دەدات: “لە ساڵی ١٣٩٨ دا سەرەڕای بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی ژنان، وەک ڕابردوو بچوکترین مافەکان لە ژنان وەک پۆششی ئازاد زەوتکرا، هەروەها ژنان زیاتر لە ساڵان لە ژێر گۆشاری بێکاری، خۆکوشتن، خۆسوتاندن و ژنکوژی و هەژاریدا بوون. بەشداربوونی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا نموونەیەکی بەرچاوی سەرکوتی ئێران لە کەشی داخراوی سیاسیی ئێراندا بوو. لەو نێوانەدا هەموو جۆرە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ژنان بە چاوێکی ئەمنییەوە بەسەختی سەرکوت کرا و دەستبەسەرکران، ئەشکەنجە و دەرکردنی سزای بەندکران بووەتە چارەنووسی ژمارەیەکی زۆری ژنان لەم ساڵەدا”.

لە بەردەوامیی ئەم ڕاپۆرتەدا ناو، تۆمەت و دوایین ڕەوشی بەندکراوان و چالاکوانانی دەستبەسەرکراوی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخرێتە ڕوو. ئەو ڕاپۆرتە بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستانە و بەمەبەستی زانیاری بەخشیی  ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بڵاو دەکرێتەوە.

١ – زەینەب جەلالیان، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمە ١٣٨٦دا / ٢٠٠٨.٠٢.٢٨، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەرکرا و نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بەتۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی کوردستان (پژاک)” ئەشکەنجە درا و پاشان بۆ بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان گواسترایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٧دا / ٢٠٠٨.١٢.٠٤، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی بە تۆمەتی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوونی حزبێکی چەکدار” بە سێدارە سزادرا. پاش ئەوەی تانە لە سزاکەدرا، لقی ٤ی دادگای پێداچونەوەی کرماشان ئەو سزایەی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە. سزاکە سەرەنجام لە زستانی ١٣٨٨دا / ٢٠١٠ لەلایەن دادگای باڵآی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە.

پاش هەوڵی ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانە مەدەنییەکان، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ / ٢٠١١.١١ دا بە لێبوردنی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕا. زەینەب جەلالیان لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٣دا / ٢٠١٤ پاش ڕەزامەندیی داواکاریی گشتی و ئیدارەی ئیتلاعات لە بەندیخانەی کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی خۆی گواسترایەوە تا ئێستا لەو بەندیخانەیەدا بەسەردەبات.

٢ – نەسرین مالغاچ، هاوڵاتی کوردی خەڵکی باکوری کوردستان لە ڕەشەمەی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.٠٣ بە تۆمەتی ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی ١٠ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و ئەشکەنجەدرا.

ئەو ژنە تەمەن ١٩ ساڵەیە لە سەرەتاکانی مانگی بەفرانبار لەلکاتێکدا لە دەروازەی سنووریی بازرگانەوە ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کرا کە ئاسەواری ئەشکەنجە و شۆکی کارەبایی بەسەر جەستەیەوە دیار بوو. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سەرەتا بۆ شارەی بایەزید و پاشان بۆ بەندیخانەی مێردین ڕەوانەیان کرد.

۳ – مەقبولە سەکاوەند، یەک لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بوو کە لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.٠٣ پاش ئەوەی هەماهەنگی پێویت لەگەڵ وەزارەتخانەی ئیتلاعات ئەنجامدرابوو ئەمننامەی درابوویە بەیاسایی لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕایەوە ئێران. بەڵام هێشتا دوو هەفتە بەسەر گەڕانەوەیەدا تێپەڕنەبوبوو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی مانگێک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرا.

سەکاوەند لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزدا / ٢٠١٩.١٢.٠٩ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری خۆیەوە بە تۆمەتی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ساڵێک بەندکران سزادرا. ئەو سزایە بە پێی یاسای ڕەزامەندبوون بە بڕیار بە ٩ مانگ بەندکران کەمکرایەوە. ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار / ٢٠٢٠.٠١.٢٠ لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازادکرا.

٤ – سارا زەحمەتکێش، بەڕێوبەری ئەنجموەنی ژنانی “ژیار تین” لە مانگی گوڵانی ١٣٩٨دا / ٢٠١٩.٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دووکانەکەی لە شاری پاوە دەستبەسەرکرا. ئەو چالاکوانە ژنە پاش نزیکەی دوو هەفتە لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە بەشێووەی کاتی ئازادکرا.

٥ – ئێران ڕاه پەیکەر، چالاکوانی ژنی خەڵکی مەریوان لە ڕێکەوتی ٢٤ی گوڵانی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٥.١٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەرکرا و پاش مانگێک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بۆ بەشی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەدەی گواسترایەوە و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

ئەو چالاکوانە ژنە لە سەرەتاکانی مانگی خەرماناندا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتییدادوەر سەعیدی دادگاییکرا و بۆ تۆمەتی “هەستان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێگەی هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانەوە بە ٣ ساڵ بەندکران سزادرا. ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بە ٢ ساڵ بەندکران کەمکرایەوە.

٦. ٧. ٨. ٩ – دیمەن فەتحی، کویار خیشکار، سومەیە ڕوزبە و موژدە مەردوخی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گوڵاندا / ٢٠١٩.٠٥.١٦، لەمیانەی گردبوونەوەیەکی ئاشتیانەدا بۆ بەرنگاربوونەوە توندوتیژیی دژی ژنان دەستبەسەرکران، ئەم چالاکوانانە ڕۆژی ٢٨ی گوڵان لەلایەن دادگای سزادانی مەریوانەوە بە “تێکدانی ئاسایشی گشتی” تۆمەتبارکران و پاشان بە دانانی بڕیاری کەفالەتی ٢٥ ملیۆن تمەنی ئازادکران.

١٠ – زارا محەمەدی، بەڕێوبەری ئەنجومەنی کولتوریی نۆژین لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٥.٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆی لە سنە دەستبەسەرکرا. نزیکەی ٧ مانگ دەستبەسەر بوو و لەو ماوەیەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی خرایە ژێر گۆشارەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەردا / ٢٠١٩.١١.١٣ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک دەستبەسەرکرانی زەهرا محەمەدیی شەرمەزارکرد و داوای ئازادیی بەپەلەی کرد. ئەو چالاکوانە ڕۆژی ١١ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١٢.٠٢، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێووەی کاتی ئازادکرا.

١١ – هاوژین سەرمەستی لە ڕێکەوتی ٤ی جۆزەرداندا / ٢٠١٩.٠٥.٢٥، دوو ڕۆژ پاش ئەوەی هاوسەری بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی دەستبەسەرکرا، لەگەڵ برایەکی تەمەن ١٥ ساڵانی لە گوندی “گاودەرە” دەستبەسەرکرا  و پاش دوو ڕۆژ هەر سێکیان بە دانانی بارمتە ئازادکران.

١٢ – پەروین ئەدوایی، چالاکوانی مافەکانی ژنان لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٧.٢٧، لە مەریوان دەستبەسەرکرا و برا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە. دوو مانگ دواتر پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترایەوە. سەرەنجام ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

ئەو چالاکوانە ژنە پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێگەی هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا، ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ کەم کرایەوە. لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەنداندا / ٢٠٢٠.٠١.٣٠ لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە بەندکرا.

١٣ – سەحەر کازمی، چالاکوانی ژینگەپارێز لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.٠٨.٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەرکا و بۆ دەستەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە. سێ مانگ دواتر “مەهوەش ئەمیری”، دایکی و “مادیح فەتحی” هاوسەرەکەشی بانگکران بۆ دەزگای هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دەستەسەرکران. لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.١١.٢٤، پاش ئەوەی باوکی ئەو بنەماڵەیە گیانی لەدەستدا بۆ بەشداریکردن لە ەراسیمی پرسەکەیدا ئازادکرا و دوا هەفتەیەک دیسانەوە دەستبەسەرکرا.

سەحەر کازمی لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا / ٢٠١٩.٠٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی “هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا، ئەو سزایە لە دادگای پێذاچوونەوەدا بۆ ٢٠ مانگ بەندکران کەمکرایەوە. لە ئێستادا لە بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە بەندکراوە.

١٤ – هاجەر ئاردەسی، خەڵکی گوندی “ئاق گوڵ”ی ماکۆ لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٨، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و دوایە بۆ بەندیخانەی خۆی بەڕێکرا.

هاجەر ئاردەسی پاش هەفتەیە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕەوانەکرا و بەمەبەستی دانپێدانان بەسەر تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی” خرایە ژێر گۆشارەوە. ناوبراو هێشتا دەستەبسەرە و مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی نییە.

١٥ – شەیدا نەجەفیان، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بەڕێکرا. لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێووە بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” لەڕێگەی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

١٦. ١٧ – سومەیە ساکانی، کەوسەر ئیسماعیلی، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر / ٢٠١٩.١١.١١، لە میانەی گردبوونەوەیەکدا لە ورمێ دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) دەستبەسەرکران و بەندی ژنانی بەندیخانەی ئەو شارە گواسترانەوە.

١٨ – ژاکا ئیسماعیل پور، چالاکوانی مەدەنی لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەردا / ٢٠١٩.١١.١٤، لەمیانەی خۆپیشاندانێکی دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) لە بۆکان دەستبەسەرکرا و پاش چەند هەفەتەیەک بە دانانی بارمتە ئازادکرا.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە پاشان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزادانی بۆکانەوە بە تۆمەتی “بشێوێی ئاسایشی گشتی لەڕێگەوی بەشداربوون لە گردبوونەوەی نایاساییدا” بە ٣ مانگ بەندکران سزادرا و ڕۆژی ٩ی ڕێبەندان / ٢٠٢٠.٠١.٢٩، لە بەندیخانەی بۆکان بەندکرا.

١٩ – پەریسا سەیفی، چالاکوانی کولتوریی لە ڕێەکوتی ١٩ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکا و برا بۆ دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە، پاشان بۆ ماوەی ٥٢ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان بۆ قەرەنتینەی ناوەندی پەروەدە و چاکسازی ڕەوانە کرا.

ئەو هوندەرمەندە کوردە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان / ٢٠٢٠.٠٢.٠٨ وەک ناڕەزاییەک دژی درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانەکەی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندان لە دادگای سنەدا ئامادەبوو بەڵام جارێکی دیکە ئازادکرنەکەی دواخرایەوە. پەریسا سەیفی سەرەنجام ڕۆژی ٤ی ڕەشەمە پاش ١٥ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

٢٠ – ئانیسا جەعفەری مهر، چالاکوانی کولتوری بەیانیی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١٢.١٧ لە ماڵی خۆیدا لە شاباد دەستبەسەرکرا و پاش چەند کاتژمێرێک بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک ئازادکرا.

٢١ – نادیا سوبحانی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا / ٢٠١٩.١١، لە میانەی خۆپیشاندانە جەماوەییەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی کوتوپڕی نرخی بەنزین لە جوانڕۆ دەستبەسەرکرا و پاش چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە ئازادکرا.

٢٢ – مۆژگان کاوسی، نووسەر و چالاکوانی کولتوریی کورد لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەردا / ٢٠١٩.١١.١٧، لە ماڵەکەی دەستبەسەرکرا بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا لە ساری گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١٢.١٩ پاش ئامادەبوون لە دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێووەی کاتی ئازادکرا.

ئەو نووسەرە کوردە پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی نەوشەهرەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی” بە ٣٣ مانگ، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ ئەجامدانی خۆپیشاندان” بە ٣٠ مانگ و “بانگەشەی دژی کۆماری ئیسلامی” بە ٦ مانگ بەندکران سزادراە ئەگەری پشتڕاستبيووەنی ئەو سزایە ٣٣ مانگی جێبەجێ دەکرێت.

٢٣ – لەیلا تیرئەندەری، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباردا  / ٢٠١٩.١٢.٢٨، بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگ کرا و پاشان دەستبەسەرکا. هاوکات بە دەستبەسەرکرانەکەی وەک ناڕەزاییەک دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

ئەو چالاکوانەی مافەکانی ژنان ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان / ٢٠٢٠.٠٢.١٣، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە ئازادکرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی خرابووە ژێر گۆشارەوە.

٢٤ – فەریدە وەیسی، چالاکوانی مەدەنی ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار / ٢٠٢٠.٠٢.١٣ لە شوێنی کارەکەی (فێرگەی زانست) دەستبەسەرکرا و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕەوانەکرا. هەرچەند دوایە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە بەڕێکرا بەڵام لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامییان هەبوو.

٢٥ – فاتمە داوەند، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر /  ٢٠١٩.١١.١٧ لەمیانەی خۆپیشاندانەکانئ خەڵک دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا. پاش دوو ڕۆژ ئەشکەنجە دانپێدانانی زۆرەملئئ لێوەرگیرا و لە تەلەفزیۆنی ڕەسمی حکومەت دا پەخشکرایەوە.

دادگای شۆڕشی ورمێ بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ئازادبوونی کاتیی فاتمە داوەند دیاریکرد، بەڵام بەو هۆیەی بنەماڵەکەی نەیانتوانی بارمتەکە دابین بکەن ئازادنەکرا.

٢٦ – فرشتە چراغی، ڕۆژنامەنووس و ئەندامێکی ئەنجومەنی “سەروی سەوز”ی دالاهو ڕۆژی ٨ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١١.٢٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەرپێڵ زەهاو دەستبەسەرکرا و برا بۆ ناوەندێکی ئەمنی لەکرماشان.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ خەزەڵوەردا / ٢٠١٩.١١.١٨ لە خۆپیشاندانی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو ده بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنخین دەستبەسەرکرابوو.

٢٧ – سومەیە وەیسمورادی، مامۆستای خوێندنگای سەرەتایی لە شاری جوانڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی لە مانگرتنی گشتی مامۆستایانی ئێڕان لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا / ٢٠١٩.٠٢ لە کاتی وانە وتنەوەدا دەستبەسەرکرا و سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ئازادکرا.

٢٨ – ئارەزوو میرەکی، وەرزشکارێکی ئەندامی یانەی کیک بۆکسینگی شاری سۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ئێڕان بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکرا و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٢.٢٤ ئازادکرا.

٢٩ – زەینەب ئیسماعیلی، ئەندامێکی دایکانی ئاشتیی کوردستان لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمە / ٢٠٢٠.٠٢.٢٧ لە دێولان دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا. لەکاتێکدا هێشتا دەستبەسەرە کە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لێ زەوتکراوە و ڕێگری کراوە لەوەی دەرمانە چارەسەرییەکانی بگاتە دەستی.

دایە زەینەب دایکی محەمەد ئەمین مورادی بە نازناوی “هاوڕێ لەیلاخ” ئەندامێکی یەکینەکانی پاراستنی گەلە، محەمەد ئەمین ئەمیری ساڵی ٢٠١٤ لە میانەی بەرگری لە شاری کۆبانێ لەبەرامبەر هێڕشی چەکدارەکانی داعش گیانی بەخت کردبوو.