زەینەب ئیسماعیلی“، یەک لە دایکانی ئاشتیی کوردستان کە لە ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەوە / ٠٢.٢٧ لە دێولان دەستبەسەرکراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕەوانە کرابوو، تاوەکو ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەیەوە پێوە بکات یان لە نزیکەوە چاوی پێیان بکەوێت.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بەو بابەتەلە لێدوانێکدا بۆ تۆڕ گوتی: “دایە زەینەب نەخۆشیی گەدەی هەیە و پێویستە دەرمانەکانی لە کاتی خۆیدا بەکار بهێنێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بنەماڵەکەی هەوڵیان داوە دەرمانەکان ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بکەن، بەڵام ئەو ناوەندە ئەمنییە تاوەکو ئێستا ئامادە نییە دەرمانەکان وەربگرێت”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەردەوامی دەستبەسەربوونی دایە زەینەب لە ژووری تاکەکەسیدا لە کاتێکدا مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و بەکارهێنانی دەرمانەکانی لێ زەوتکراوە بووەتە هۆی نیگەرانی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە.

زەینەب ئیسماعیلی دایکی “محەمەدئەمین ئەمیری” بە نازناوی “هاوڕێ لەیلاخ”، ئەندامی یەکینەکانانی پاراستنی گەلە. محەمەدئەمین ئەمیری لە ساڵی ٢٠١٤دا لەمیانەی بەرگریی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە شاری کۆبانێ لەبەرامبەر هێرشی چەکدارەکانی داعشدا گیانی بەختکردبوو.

دایکانی ئاشتی کوردستان لەلایەن گروپێکی دایکانی گیانبەختکردووان و بەندکراوە سیاسییە لەسێدارەدراوەکانی کوردەوە دامەزراوە. ئەو دایکانە پێکهێنانی ئاشتی و و دەرخستنی ڕاستییەکان و جێبەجێکردنی دادوەری وەک ئامانجی خۆیان دیاری کردووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا گۆشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر دایکانی ئاشتی زیادی کردووە، ئەو ناوەندانە بەردەوام بانگیان کردوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردوون