تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە “وریا دڵ ئەنگیز”، هاوڵاتی کورد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاگادارکراوەتەوە کە پێویستە ئەمڕۆ ١٣ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٣ لە دادگای سزادانی مەریواندا ئامادەبێت.

تۆمەتی وریا دڵ ئەنگیز “بشێویی ئاسایشی گشتی” ڕاگەیەندراوە و سکاڵاکاری دۆسییەکەشی داواکاریی گشتیی مەریوانە.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٦دا / ٢٠١٧.٠٩ پاش ئەوەی بانگ کرا بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەرکرا و لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا / ٢٠١٧.١١ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازادکرابوو.

وریا دڵ ئەنگیز لە کاتێکدا بانگ کراوە بۆ دادگای سزادانی مەریوان کە پێشتر لەلایەن دادگاوە لە دۆسییەکی دیکەدا لە سێ لەو تۆمەتانەی پێی هەڵبەسترابوو بێبەری کرابوو.