بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج چالاکوانی مەدەنی بە ناوەکانی “سابیر قادری“، “فەردین مورادی“، “گۆران یوسفی“، “مادێح ئەحمەدی” و “ئەکبەر گوێڵی” بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکران.

بەگوێڕەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، سابیر قادری و فەردین مورادی ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٢، مادح ئەحمەدی ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٩ و گۆران یوسفی و ئەکبەر گوێڵیش هەفتەی ڕابردوو بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکراون.

فەردین مورادی، ئەکبەر گوێڵی، گۆران یوسفی و مادێح ئەحمەدی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابوونەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستادا ١٣ هاوڵاتی دەستبەسەرکراوی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

سابر قادری، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی دێولان و یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی “شەیدای سەوزی لەیلاخ”ە کە لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزدا / ١٢.٠٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو.

مادێح ئەحمەدی، هاوڵاتی خەڵکی گوندی “سەرهۆیە”ی سنە ڕۆژی هەینی ١٣ی بەفرانبار / ٠١.٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاشان برابوو بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

فەردین مورادی و گۆران یوسفی لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا دەستبەسەرکرابوون. هەروەها ئەکبەر گوێڵی لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزەوە / ٢٠١٩.١١.٢٧، پاش ئامادەبوون لە دادگای سنەدا دەستبەسەرکرابوو.