بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕيی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٢ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٢، بەندکراوێکی مەزهەبی بەناوی “محەمەد قەنبەردوست” بەگومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی ورمێوە بۆ بەشی تەندروستیی بەندیخانە و پاشان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بەو بابەتە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “محەمەد قەنبەردوست پێشتر نەخۆشیی ئاسمی هەبوو، بەڵال ئەمڕۆ بەهۆی هەناسە تەنگییەوە برا بۆ بەشی تەندروستی بەندیخانە و دواتر بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە گواسترایەوە”.

محەمەد قەنبەردوست لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٦دا / ٢٠١٧.٠٦ لە شاری پیرانشار دەستبەسەرکرابوو و پاش ماوەیەک لەلایەن لقی دوو دادگای شۆڕشی ورمێووە بە تۆمەتی “ئەندامێتیی گروپە سەلەفییەکان” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرابوو.

پێشتر ٤ بەندکراوی گوماناوەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەی ورمێووە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گواسترابوونەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ئاشکرایکردبوو کە ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە ئارادایە.