بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستبەسەربوونی “عوسمان دڵ ئەنگیز“، هاوڵاتی کوردی دانیشتووی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە نەبووە و ڕێگەی پێنەدراوە چاوی پێیان بکەوێت و بڕیاری دەستبەسەربوونەکەشی بۆ ماوەی مانگێک درێژکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوا و گوتی: “بنەماڵەی دڵ ئەنگیز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی دادگای مەریوانیان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ دۆخی کوڕەکەیان کردووە، سەرەنجام ئاگادارکراونەتەوە کە بڕیاری دەستبەسەرکرانەکەی لە ڕێکەوەتی ٥ی ڕەشەمەدا / ٠٢.٢٤ بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژکراوەتەوە”.

عوسمان دڵ ئەنگیز لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەنداندا / ٠١.٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە مەریوان دەستبەسەرکرا و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابووەوە.

ئەم هاوڵاتییە پێشتر لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٧دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستا دا ١٥ هاوڵاتیی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.