سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندێکی دەوروبەری کۆتۆلی خۆی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی ئەوەی کرد کە هێزەکانی سپای پاسداران پێشنیاری کرێی خێوەتیان کردووە بە لێقەوماوەکانی بوومەلەرزەکە و گوتی: “ئەو هێزانە بوومەلەرزەکە وەک هەل دەقۆزنەوە و شەوی ڕابردوو لە چەند گوندێک بە خەڵکەکەیان دەگوت هەر کەسێک خێوەتی دەوێت پێویستە شەوی ٣٥ هەزار تمەن بدات”.

سەرچاوەیەکی دیکە لە شارۆچکەی کۆتۆل بە تۆڕی گوت: “لە زۆربەی گوندەکان هیچ هاوکارییەک لەلایەن ناوەندە حکومییەکانەوە نەگەیشتووەتە دەستی خەڵک، ئێمە ئاگادارین کە مانگی سوور ٤٠٠ خێوەتی داوەتە شارەوانی و ٣٠٠ خێوەتیشی ڕادەستی ناوەندێکی حکومیی دیکە کردووە، بەڵام ئەو ناوەندانە تاوەکو ئێشتا خێوەتەکانیان بەسەر خەڵکەکەدا دابەش نەکردووە”.

هەروەها بەگوێڕەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک هاوڵاتیی خەڵکی گوندە لێقەوماوەکان چوونەتە شارۆچکەی کۆتۆلی و لەبەر قائیمقامێتیی ئەو شارۆچکەیە گردبوونەوەی ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە.

بەگوێرەی قسەکانی یەک لەو هاوڵاتیانە، فەرمانبەرەکانی قائیمقامێتی هەموو ڕۆژێک ناو و ناونیشانی ئەو هاوڵاتیانە تۆمار دەکەن بەڵام تا ئێستا هیچ هاوکارییەکیان بۆ نەناردوون.

لە بەردەوامیشدا گوتی: “خەڵک لە کەش و هەوای زۆر سارددا بەبێ خێوەت خەریکن ژیان بەسەردەبەن، بە نایلۆن هەندێک داڵدەیان بۆ خۆیان دروست کردووە بەڵام لەو دۆخەدا بەتایبەتی گیانی بەساڵداچووان و منداڵان لە مەترسیدایە”.

لەلایەکی دیکەوە تەلەف بوونی مەڕ و ماڵاتی ئەو هاوڵاتیانە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا زیانێکی قورسی لێکەوەتووەتەوە، بەتایبەتی ئەومە بۆ هاوڵتیانی ئەو ناوچەیە زۆر گرنگە چونکە کاری زۆربەیان چوێداری بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتڤ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە و لەسەر زاری چالاکوانێکی مەدەنیی دانیشتووی ئەو ناوچەیە ئاشکرای کردبوو کە ناوەندە حکومییەکان ئاوڕییان لە خەڵک نەداوەتەوە، تەنیا هەندێک هاوکاریی خەڵک گەیشتووەتە دەستی لێقەوماوان کە ئەویش بەش ناکات.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٤ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٣، بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٥.٧ی ڕێختەر شارۆچکەی کۆتۆلی خۆی و دەوروبەرەکەی هەژاند. ئەو بوومەلەرزەیە برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی و ڕووخانی خانووی نزیکە س هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتیی لەو شارۆچکەیە و زیاتر لە ٤٠ گوندی دەوروبەری لێکەوتەوە.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/2466414596942505/?t=0