ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٣، دوابەدوای هێرشی بەندکراوە ئاساییەکانی بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ بۆسەر ٧ بەندکراوی سیاسیی کورد کە مانیان لە خواردن گرتبوو، دۆخێ بەندیخانەکە ئاڵۆز بووە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی، هەرەوەها بەپێی زانیارییەکان بەندکراوە سیاسییەکان دیسانەوە لە لایەن بەرپرس و گاردی بەندیخانەکەوە پەلاماردراون و لێیان دراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی یەک لەو بەندکراوانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە دۆخی بەندیخانەکە بەدواداچوونی کردووە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “ڕۆژی دووشەممە پاش ئەوەی بەرپرسی بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ بەناوی “سەید فاتمی” بەندکراوە ئاساییەکانی لەدژی بەندکراو سیاسییەکان هاندا، لەنێوان بەندکراوە کورد و تورکەکاندا پێکدادانێک ڕوویدا، پاشان بەرپرس و گاردی بەندیخانەکە لەجیاتی ئەوەی دۆخەکە هێوربکەنەوە پشتگیریی بەندکراوە ئاساییەکانیان کرد و پەلاماری بەندکراوە سیاسییەکانیان داوە”.

لە چەند ساڵی ڕابردووشدا چەند جارێک شەڕ و پێکدادان لە نێوان بەندکراوە کورد و تورکەکانی بەندیخانەی ورمێ بە هۆی هاندانەکانی بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە ڕوویدابوو. بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە کە زۆربەیان ئەندامی سپای پاسدارانن، بەردەوام پشتگیریی بەندکراوەکانی دیکەیان لە دژی بەندکراوە کوردەکان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی کە پاش ئەو شەڕە لەسەر فەرمانی “سۆهرابی”، بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ “کامران دەروێشی” و “سیامەک ئەشرەفی” بۆ دەرەوەی بەند ڕەوانەکران، پاشان سۆهرابی خۆی و چەند ئەندامێکی گاردی بەندیخانەکە هەڵیانکوتایە سەریان و بە باتوم لێیان دان.

سۆهرابی، بەرپرسی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

بەگوێرەی قسەکانی ئەو سەرچاوەیە، هەروەها لەسەر فەرمانی سۆهرابی سێ بەندکراوی سیاسیی دیکە بەناوەکانی “کەیوان ڕەشۆزادە”، “کامران قاسمی” و “کامران دەروێشی” بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ورمێ گواستراونەتەوە.

هەروەها زیادیشی کرد: “ڕۆژی ڕابردوو بنەماڵەکانی ئەو بەندکراوانە لەڕێگەی چەند بەندکراوێکی دیکەی بەندی قەرەنتینەوە ئاگادارکراونەتەوە کە سەرۆکی بەندیخانە و هێزەکانی گارد دیسانەوە بە باتوم لەو سێ بەندکراوەیان داوە”.

ئەو سێ بەندکراوە لەگەڵ چوار بەندکراوی دیکە بەناوەکانی “سیامەک ئەشرەفی”، “ئومێد سەعیدی”، “کەیوان زارع” و “ڕەزا ئیسماعیلی” لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەوە / ٠٢.٢٢، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی جیانەکردنەوەیان لە بەندکراوەکانی دیکە و بەو داواکارییەوە کە ژوورێکی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت دەستیان دابووە مانگرتن لە خواردن و هێشتا لە مانگرتن دان.