چالاکوانێکی مەدەنیی دانیشتووی کۆتۆلی خۆی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی دۆخی نالەباری لێقەوماوانی بوومەرزەکەی کرد و گوتی کە تا ئێستا دامەزراوە حکومییەکان هیچ هاوکارییەکی ئەو هاوڵاتییانەیان نەکردووە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٤ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٣، بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٥.٧ی ڕێختەر شارۆچکەی کۆتۆلی خۆی و دەوروبەرەکەی هەژاند. ئەو بوومەلەرزەیە برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی و ڕووخانی خانووەکانی هاوڵاتیان لەو شارۆچکەیە و زیاتر لە ٤٠ گوندی دەوروبەری لێکەوتەوە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە ئاماژەی بەوە دا کە دامەزراوە حکومییەکان هیچ هاوکارییەکی خەڵکی ناوچەکەیان نەکردووە و گوتی: “دامەزراوە حکومییەکان چەند کاتژمێرێک پاش بوومەلەرزەکە هاتنە ناوچەکە و بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەکان، بەڵام لەو دوو ڕۆژەدا هەر سەردانی ناوچەکەشیان نەکردووە”.

بەگوێرەی قسەکانی ئەو چالاکوانە مەدەنییە زیاتر لە ٣٥٠٠ بنەماڵە لەو بوومەلەرزەیەدا خانووەکانیان ڕووخاوە، ئەوانەی دەرفەتیان هەبووە چوون بۆ شاری خۆی، بەڵام ئەوانی دیکە لەو کەش و هەوا ساردەدا بێ ماڵ و شوێن ماونەتەوە.

لە بەردەوامیشدا گوتی: “لەم دوو ڕۆژەدا چەند کاروانێکی هاوکاری لەلایەن خەڵکەوە نێردراونەتەناوچەکە، کە بریتییە لە بەتانی و چادر و هەندێک خۆراک، بەڵام زۆر کەمە و بەشی هەموو لێقەوماوان ناکات”.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە هەروەها باسی ئەوەی کرد کە خەڵک گلێیان لە دامەزراوە حکومییەکان هەیە و لە ئێستادا پێویستیی بەپەلەیان بە خۆراک و کەرەسە تەندروستی و گەرماییەکان هەیە.

لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئەو ناوچانە یەک لە هەژارترین و بێ دەرفەت ترین ناوچەکانی پارێزگان و خەڵکەکەش لەو ڕووەوە کە هیچ شوێنێکیان نییە لە ماڵە ڕووخاوەکانی خۆیاندا ماونەتەوە، هیچ هیوایەکیان بە حکومەت نییە و چاوەڕوانن ڕێکخراوە مەدەنییەکان هاوکارییان بکەن”.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/903714100098723/?t=0