بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٦ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٥، “ڕەحیم مەحمودی ئازەر”، بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی ئازادیی مەرجدارەکەی لەلایەن ئەنجومەنی ڕیزبەندی بەندیخانەی ورمێوە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئەو بەندکراوە سیاسییە کە زیاتر لە نیوەی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕکردووە لەلایەن ئەنجومەنی ڕیزبەندنی بەندیخانەی ورمێوە بە بەهانەی “پابەندنەبوون بە ئەخلاق” ڕەتکراوەتوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە، لە ئێستادا ١١ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە بەندیخانەی ورمێذا لە مانگرتن لە خواردندان.

ڕەحیم مەحمودی ئازەر لە رێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ / ٢٠١٨.٠٣.١٦ لە میانەی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر عەفرین برینداربوو و بەناوی هاوڵاتییەکی خەڵکی سوریەوە گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری حەلەب، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ناسرا و پاشان دەستبەسەرکرا.

ئەو هاوڵاتییە کوردە پاشان گەڕێندراوە بۆ تاران و پاش ٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پایتەخت بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ورمێ بەڕێکرا و بۆ ماوەی مانگێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرا.

لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.٠٦.١٣ لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەف زادە دادگاییکرا  و بە تۆمەتەکانی “ئەندامبوونی یەکینەکانی پاراستنی گەل”، “پیلانگێڕی دژی کۆماری ئیسلامی” و “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” بە ١١ ساڵ بەندکران سزادرا کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی ٥ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت. ئەو سزایە پاشان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە.

هاوکات بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد بەناوی “عەبدولسەلام مەردانی ڕەزگە” بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە یەکلایی نەبوونی دۆخی دوسیەکەی لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانەوە / ٠٢.٠٢، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەو هاوڵاتییە لە ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو / ٢٠١٨.١٠.٢٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرابوو.

هەروەها ٩ بەندکراوی سیاسیی دیکە لەو بەندیخانەیەدا بەمەبەستی دەربڕنی ناڕەزایی دژ بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی ئازادیی مەرجدار و داواکاریی بۆ تەرخانکردنی ژوورێکی تایبەتی جیا لە بەندکراوەکانی دیکە لە ئێستادا لە مانگرتن لە خواردندان.

ڕۆژی ڕابردوو ٥ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٤، “پەیمان میرزازادە” لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێدا لەدژی ڕەتکردنەوەی داواکاریی ئازادی مەرجدارەکەی و لە رێکەوتی ٣ی ڕەشەمەشدا / ٠٢.٢٢، حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێدا بەناوەکانی “ئومێد سەعیدی”، “کەیوان زارع” و “ڕەزا ئیسماعیلی”، “کامران دەروێشی”، “سیامەک ئەشرەفی”، “کەیوان ڕەشۆزادە” و “کامران قاسمی” بە داواکاریی تەرخانکردنی ژوورێکی جیا لە بەندکراوەکانی دیکەی بەندی گەنجان دەستیان دابووە مانگرتن لە خواردن. هەروەها “بەشیر پیرەماوانە“، بەندکراوێکی دیکەی کوردیش لە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢٥ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوە داواکاریی ئازادیی مەرجداری مانی لە خواردن گرتبوو