ڕۆژی ڕابردوو ٤ی رەشەممە “پەریسا سەیفی“، خوێندەکار و هونەرمەندی کورد پاش ١٥ رۆژ مانگرتن لە خواردن بە دانانی بارمتە ٢٠٠ ملوێن تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە ئازادکرا.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە کوردە وێرای پشراستکردنەوە ئەم هەواڵە بە تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “پەریسا سەیفی پاش دەستبەسەرکرانی بۆ ماوەی ٥٢ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا ڕاگیراوە و دوایە بۆ بەندی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواستراوەتەوە. لەو ماوەیەشدا تووشی دابەزینی کێشی جەستە و خوێنبەربوونی گورچیلە بووە و پاش ئازادیش دەست و قاچەکانی هەڵئاوساون”.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، بڕی بارمتەی دیاریکراو بۆ ئازادیی پەریسا سەیفی سەرەتا ٥٠٠ ملیۆن تمەن بووە، بەڵام دوایە بەهۆی مانگرتنی لە خواردن بۆ ٢٠٠ ملیۆن تمەن کەم کراوەتەوە.

پەریسا سەیفی لە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانەوە / ٠٢.٠٨ بۆ دەربڕین ی ناڕەزایی بەرامبەر بەوەی دادگاییکردنەکەی و ئازادکردنی بە دانانی بارمتە بەردەوام پاشدەخرێتەوە مانی لە خواردن گرتووە، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندان / ٠٢.١٨ جارێکی دیکە برایە دادگای سنە، بەڵام دادوەرەکە دیسانەوە دادگاییکردنەکەی پاش خستەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار / ٠١.١١لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەڕێکرابوو. نابراو بۆ ماوەی ٥٢ رۆژ بە رۆژان لە دەستبەسەرگەی شارامفەری ئیتلاعاتی سپای سنەوە لێکۆلێنەوەی دەگەڵ دەکراو بە شەو بۆ ژوورەکانی تاکەکەسی بەندیخانەی ژنانی سنە دەگواسترایەوە. دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان نابرا بۆ بەندی ناوخۆی بەندیخانەی ژنان گواسترایەوە،

هێزەکانی ئەمنی تۆمەتی ئەم هۆنەرمەنەدەیان لایەنگەری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دژبەری کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.