تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە “پەیمان میرزازادە”، هونەرمەندی بەندکراوی کورد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادبوونی مەرجدار لە ئەمڕۆ ٥ی ڕەشەمەوە / ٠٢.٢٤، لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێدا دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

پێشتر ٨ بەندکراوی سیاسی کورد لەو بەندیخانەیەدا بۆ دەربڕینی ناڕەزای بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی بۆ ئازادبوونی مەرجدار و بەندکران لەنێووان بەندکراوەکانی دیکەدا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی ٣ی ڕەشەممە / ٠٢.٠٢ حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێدا بەناوەکانی “ئومێد سەعیدی”، “کەیوان زارع” و “ڕەزا ئیسماعیلی”، “کامران دەروێشی”، “سیامەک ئەشرەفی”، “کەیوان ڕەشۆزادە” و “کامران قاسمی” بە داواکاریی تەرخانکردنی ژوورێکی جیا لە بەندکراوەکانی دیکەی بەندی گەنجان دەستیان دابووە مانگرتن لە خواردن. هەروەها “بەشیر پیرەماوانە“، بەندکراوێکی دیکەی کوردیش لە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢٥ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوە داواکاریی ئازادیی مەرجداری مانی لە خواردن گرتبوو.

پەیمان میرزازادە، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی گوندی “گەنگەچین”ی ورمێ ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٢.٢١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و برا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراو پاش ٤ ڕۆژ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.

ئەو بەندکراوە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠٣.٠٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی “هەوڵدان بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانییەوە” بۆ هەمیشە لە گۆرانی وتن بێبەش کرا و دوو ساڵ سزای بەندکرانیشی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە بەپێی یاسای ڕەزامەندبوون بە بڕیار بۆ ساڵێک و ٨ مانگ بەندکران کەمر کرایەوە.

ئەو گۆرانیبێژە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨دا / ٢٠١٩.٠٦.١٠، لە دۆسییەکی دیکەدا بە تۆمەتی “بێڕێزیکردنی بە پیرۆزییەکان” لە لقی ١١٠ دادگای گشتیی ورمێ بە ٢ ساڵ بەندکران و ١٠٠ قامچی سزادرا و سزای قامچیەکەی ڕۆژی ٦ی گەلاوێژ لە لقی ٤ جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتیی ورمێ جێبەجکرا.