ژمارەیەکی زۆری منداڵان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچارن بە کاری کۆڵبەری بۆ ئەوەی خەرجی بنەماڵەکانیان دابین بکەن، ئەو منداڵانە خوێندنگاکان بەجێدەهێڵن و تەنیا بژاردەیان، کاری مەترسیداری کۆڵبەرییە.

بەگوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا  سێ منداڵی مەریوانی بەناوەکانی ئیسماعیل ساوجی نەژاد، تەمەن ١٦ ساڵ (لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان)، ئازاد خوسرەوی، تەمەن ١٧ ساڵ و فەرهاد خوسرەوی، تەمەن ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان گیانیان لە دەستداوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە چاوپێکەوتێکی لەگەڵ کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵان بەناوی “مەسرور” کە لە ناوچە سنوورییەکان هەورمان کۆڵبەری دەکات. ئەو کۆڵبەرە منداڵە دەڵێت کە دابین کردنی خەرجی بنەماڵەکەی وایکردووە کاری کۆڵبەری بکات.

مەسرور خوێندکاری ساڵی کۆتایی پەیمانگای تەکنیک لە بواری “دامەزراوە گەرماییەکان”ە. زۆر چێژ لە خوێندن لەو بوارەدا دەبینێت بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرفەت و کەرەستە بۆ خوێندن لە خوێندنگاکانی شوێنی ژیانی نائومێد بووە لە خوێندن و ڕووی لە کۆڵبەری کردووە. هەرچەند حەزی لەوە بووە کارێکی پەیوەندیدار بە خوێندەکەی بدۆزێتەوە بەڵام دەڵێت خوێندن بەو دۆخەوە هیچ داهاتوویەکی نییە.

دەڵێت: “ئەگەر بمزانیبایە لە خوێندگا شتێک فێر دەبم بە جدییەتەوە بەردەوامیم پێدەدا و کارێکی پەیوەندیدارم لە شارەکانی دیکە دەدۆزییەوە، بەڵام دوو ساڵی تەواو لەکاتێکدا بڕیاروابوو کاری سیستمە گەرماییەکانمان فێر کەن تەنانەت بۆیلەرێکیشیان لە نزیکەوە پیشان نەداین، ئیتر تێگەیشتم هیچم لەو خوێندنە دەست ناکەوێت و دەستم کرد بە کۆڵبەری”.

مەسرور هەموو ڕۆژێک ٣ کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل ڕێگە دەبڕێت بۆ ئەوەی بگاتە شوێنی کارەکەی لە سنوورەکانی هەورامان، ئەگەر نەکەونە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە و شتێکی نەخوازراو ڕوونەدات ٣ کاتژمێڕ دەخایەنێت بگانە شوێنی هەڵگرتنی بارەکان، وەرگرتنی بارەکان یەک دوو کاتژمێڕ دەخایەنێت و لەوێشەوە ٤ کاتژمێڕ ڕێگای گەڕانەوەیە. پاش ڕادەستکردنی بارەکەی تازە دەبێت ٣ کاتژمێر بەڕێگاوە بێت بگاتەوە ماڵەکەیان.

هەروەها سەبارەت بە دۆخە تایبەتەکان وەک بەفر و سەرما و بۆسەی هێزە سەربازییەکان دەڵێت: “جاری وایە ٢٤ کاتژمێرمان پێچووە تا بگەینەوە شوێنی خۆمان”.

مەسرور لەو دوو ساڵەدا وا کاری کۆڵبەری کردووە شتی زۆر مەترسیداری لە نزیکەوە بینیوە، بۆ نموونە کۆڵبەرێک کە لەسەر تاشە بەردێکەوە کەوتووەتە خوارەوە و لە نێوان زەوی و ئاسماندا خۆی بە لقەدارێکەوە گرتووەتەوە، هەروەها دەڵێت لە کاتی سەرمادا پانتۆڵ و پێڵاوەکانی دەیبەستێت و تەقەتەقە لێکدرانیان دەیترسێنێت.

بەپێی ئەزموونەکانی مەسرور، هێزەکانی پاسەوانیی سنوور ئەگەر خەڵکی ناوچەکەی خۆیان بن پێشوەخت ئاگاداریان دەکەنەوە تەقەیان لێناکەن، بەڵام ئەو هێزانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە دێنە سەر سنوور دەستبەجێ تەقە دەکەن.

دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ بار وەریدەگرێت گرێدراوی کێشی بارەکە و سەختییەکانی ڕێگاکەیە، کێشی بارەکان ٢٠ بۆ ٣٥ کیلۆیە، زیاترین پارە بۆ قورسترین بار و سەختترین ڕێگا بەلانی زۆرەوە ١٠٠ هەزار تمەنە کە ٥٠ هەزار تمەنی دەبێتە خەرجی هاتووچۆ و خواردن و بۆ هەندێک کڕینی جگەرە.

لەئێستادا ڕوباتی قاچی مەسرور تووشی کێشەیە و پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزشک بکات، بەڵام بەو هۆیەوە کە باوکی کاری جێگیری نییە ناچارە هەموو ڕۆژێک کۆڵبەری بکات بۆ ئەوەی خەرجی بنەماڵەکەی دابین بکات.

سەبارەت بەو بابەتە کە بۆچی کۆڵبەرەکان لەکاتی بەفر و سەرمادا کە دەزانن ئەگەری گرفتاربوونیان زۆرە دیسانەوە کۆڵبەری دەکەن دەڵێت: “زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە ناتوانن بۆ تەنانەت ڕۆژێکیش کار نەکەن، منداڵی زۆریان هەیە و پێویستە لە هەموو دۆخێکدا کار بکەن”. بە پێکەنینەوە بەردەوامی دەدات: “ئینجا ئەگەر بەفر و سەرما بێت هێزەکانی پاسەوانی سنوور بۆسەمان بۆ دانانێن”.

لەو گروپەی مەسرور کۆڵبەرییان لەگەڵدا دەکات چەند منداڵێکی دیکەی وەک خۆی سەرقاڵن بە کاری کۆڵبەری، بەڵام ژنیان لەگەڵ نییە. بەگوتەی مەسرور لە سنوورەکانی دیکە کۆڵبەری ژنیش هەیە. هەروەها دەڵێت ئەگەری گرفتاربوونی منداڵەکان چ لە بۆسەکاندا و چ لە ڕووداوە نەخوازراوەکاندا زیاترە لەوانی دیکە، ئەوەش کاری منداڵە کۆڵبەرەکان قورستر دەکاتەوە”.