وێنەی بەندکراوەکان لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سیامەک ئەشرەفی، ڕەزا ئیسماعیلی، کەیوان ڕەشۆزادە، کەیوان زارع، ئومێد سەعیدی، کامران قاسمی و کامران دەروێشی

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە حەوت بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێدا بەناوەکانی “کامران دەروێشی“، “سیامەک ئەشرەفی“، “کامران قاسمی”، “کەیوان ڕەشۆزادە”، “ئومێد سەعیدی”، “کەیوان زارع” و “ڕەزا ئیسماعیلی” لە ئەمڕۆ ٣ی ڕەشەمەوە / ٠٢.٢٢ دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، ئەو حەوت بەندکراوە سیاسییە کوردە لەنێوان بەندکراوەکانی دیکە مەترسیدار لە بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێدا بەسەردەبەن، داوایان کردووە کە ژوورێکی تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت. لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەکە بەڵێنیان دابوو ژوورێکی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت، تاوەکو ئێستا ئەم کارەیان ئەنجام نەداوە و ئە حەوت بەندکراوە سیاسییەش هەر بەو هۆیەوە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سیامەک ئەشرەفی و کامران دەروێشی ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان / ٠٢.١٦، بەو بیانوویە کە ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا ئازادبکرێن لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێوە گواسترابوونەوە بۆ بەندی گەنجان.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو و لە ٢٦ەمین ڕۆژدا مانگرتنەکەی گۆڕیبوو بە مانگرتنی وشک.

سیامەک ئەشرەفی هاوڵاتیی خەڵکی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٦.١٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی دوو دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بەتۆمەتی “ئەندامبوونی یەک لە گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ناوبراو هەروەها لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە ٨ مانگ بەندکران سزادرا.

کامران دەروێشی، هاوڵاتی خەڵکی ورمێ ڕۆژی ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٥.٠٢، لە ورمێ دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا / ٢٠١٦.١٠ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر شەیخلو” بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

ڕەزا ئیسماعیلی و کەیوان زارع دوو کەس لەو هاوڵاتیانەن کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە هێڕشی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر / ١٠.١٢ لە ورمێ دەستبەسەرکرابوون.

ئەو دوو هاوڵاتییە پاشان لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی “دادوەر چابوک” بە تۆمەتی “بانگەشە دژ بە کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادران.

کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە و ئومێد سەعیدی، سێ هاوڵاتی خەڵکی ورمێن کە نزیکەی ٥ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بۆ بەندی گەنجانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕەوانەکرابوون.