بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستان، “پەریسا سەیفی“، خوێندکار و هۆنەرمەندی دەستبەسەرکراوی کورد لە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانەوە / ٠٢.٠٨ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بەردەوامی دەستبەسەربوونی و ئازاد نەکردنی، لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنەدا دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە لێدوانێکی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دا و گوتی: “پەریا سەیفی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕێبەندان / ٠٢.١٨ لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەوە براوە بۆ دادگا، بەڵام دادوەرەکە جارێکی دیکە دادگاییکردن و ئازادکردنی بە بارمتەی پاش خستووەتەوە و دیسانەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە گەڕێندراوەتەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی سەیفی لە شوێنی دادگاکەدا ئامادەبوون و توانیویانە پەریسا ببینن، ئەو بنەماڵەیە دەڵێن دۆخی تەندروستیی کچەکەیان زۆر ناجێگیربووە.

پەریسا سەیفی خوێندکار و چالاکوانی کولتوری و هونەریی کورد لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار / ٠١.١١لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەڕێکرابوو.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، هێشتنەوەی هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوە کوردەکان لە دۆخێکی نادیاردا و فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەریان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی، وایکردووە کە ئەو هاوڵاتییانە دەست بدەنە مانگرتن لە خواردن. پێشتر “لەیلا تیرەندەری” بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو دۆخە بۆ ماوەی مانگێک دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن. ناوبراو ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان / ٠٢.١٣ بە دانانی بارمتە ئازادکرا.