ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندان / ٠٢.١٦، “سیامەک ئەشرەفی” و “کامران دەروێشی“، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بەو بیانوویە کە ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا ئازادبکرێن لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێوە گواسترانەوە بۆ بەندی گەنجان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندان / ٠٢.١٦، “سیامەک ئەشرەفی” و “کامران دەروێشی”، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بەو بەڵێنەی بەرپرسانەی بەندیخانەی ورمێ کە لە چەند مانگی داهاتوودا داواکارییەکەیان بۆ ئازادیی مەرجدار قبوڵ دەکرێت گواستراونەتەوە بۆ بەندی گەنجان. پاش ئەوەی سیامەک ئەشرەفی براوە بۆ ئەو بەندە کۆتایی بە مانگرتنە ٢٧ ڕۆژەکەی هێناوە.

سیامەک ئەشرەفی لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو و لە ٢٦ەمین ڕۆژدا مانگرتنەکەی گۆڕیبوو بە مانگرتنی وشک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ بەندی گەنجان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ پاش دەستپێکردنی مانگرتنی وشکی سیامەک ئەشرەفی  بەو بەڵێنەوە کە لە مانگی داهاتوودا ئازاددەکرێت گواستیانەدوە بۆ بەندی گەنجان”.

سیامەک ئەشرەفی هاوڵاتیی خەڵکی ورمێ لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٦.١٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی دوو دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بەتۆمەتی “ئەندامبوونی یەک لە گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ناوبراو هەروەها لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە ٨ مانگ بەندکران سزادرا.

کامران دەروێشی، هاوڵاتی خەڵکی ورمێ ڕۆژی ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.٠٥.٠٢، لە ورمێ دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا / ٢٠١٦.١٠ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر شەیخلو” بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٠ / ٢٠١١دا بەتۆمەتی ئەندامبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان بە پێنج ساڵ بەندکران سزادرابوو و پاش ٣ ساڵ بەندکران بەشێوەی مەرجدار ئازادکرابوو.