ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی ڕێبەندان / ٠٢.١٨، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری پارێزگای کرماشان لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی پۆلیس، ئەو کۆڵبەرانەی بە قاچاخچی ناوزەدکرد کە وا ڕۆژی دووشەممە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنووری نەوسوودەوە کرابوونە ئامانج، هەروەها پشتگیریی هێزەکانی خۆی کرد بۆ کوشتاری ئەو کۆڵبەرانە.

ئەو فەرماندەیە لەکاتێکدا ئەو قسانەی کردووە کە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو پاش دوو ڕۆژ لە کوژرانی “شاهد ئەداک“، کۆڵبەری تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی گوندی ژیواری سەربە سەوڵئاوا، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە و تەرمەکەی بە ئامادەبوونی جەماوەری خەڵکی ئەو گوندە بەخاک سپێردرا.

https://www.facebook.com/KurdistanHRN/videos/605925546632588/

یەوک لەو کۆڵبەرانەی کە شەوی هێرشی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور بۆسەر کۆڵبەرەکان لەوێ بووە، لێدوانێکی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دا و لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی ئەو فەرماندەیە گوتی: “کەلی سۆنی ساڵیانێکی درێژە ڕێگەی کۆڵبەرەکانە بۆ گواستنەوەی بار و لەو شەوەشدا سەدان کۆڵبەر بەمەبەستی هێنانەوەی بار بەرەو خاڵە سنوورییەکان بەڕێوەبوون کە کەوتنە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووری بارەگای سەربازیی “رلە”ی نەوسوود، ئەو هێزانەش سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی کۆڵبەرەکان هیچ بارێکیان پێ نییە تەقەیان لێکردن”.

ئەو کۆڵبەرە لە بەردەوامیدا گوتی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور بە مەبەستی ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بە دەستڕێژیی گولـلە لە کۆڵبەرەکان کە کوژرانی ٢ کۆڵبەر و برینداربوونی ٧ کۆڵبەری دیکەی لێکەوتەوە، کۆڵبەرەکان بە قاچاخچی ناو دەبەن.

بەگوێرەی قسەکانی ئەو کۆڵبەرە، هێزەکانی پاسەوانیی سنوور کۆڵبەرەکانیان لەناو خاکی ئێراندا داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە، هەروەها ئەو کۆڵبەرانە هەموو خەڵکی ناوچە سنوورییەکانن و لەڕووی ناچارییەوە ڕوویان کردووەتە کاری کۆڵبەری.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە سەربازییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا چەندین جار پاش ئەوەی تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و کوشتوویانن تەرمەکانیان تا نزیک خاڵە سنوورییەکان ڕاکێشاوە و ڕاپۆرتی ناڕاستیان سەبارەت بە کوژرانیان نووسیوە و ڕادەستی ناوەندە بەرپرسەکانیان کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان / ٠٢.١٦ پۆلێک کۆڵبەر لە کاتێکدا باریان پێ نەبوو لە بەرزاییە سنوورییەکانی :کەلی سۆنی” کەوتنە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری نەوسوودەوە. ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنوورەوە درانە بەر دەستڕێژیی گولـلە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەوناوی “ئەحمەد سەحرایی” گیانی لە دەستدابوو و ٨ کۆڵبەری دیکە بەناوەکانی عەزیم ئەمین زادە”، جەبار محەمەدی”، “زاهد نووری”، “جەلال نووری”، “شاهێد ئەداک”، “شادمان سەیدی”، “ڕەسول هوشی”، “تەها سەلمانی” برینداربوبوون