١٧ بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ورمێ، خۆی و کاشمەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش کە وێنەیەکی بەتایبەت بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، پشتگیریی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیرانیان کرد.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: “کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکانیدا کەوتووەتە ڕێگایەکی بن بەستەوە و قەیرانی ڕەوابوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قووڵتر دەبێت، جارێکی دیکە لە سەروبەندی هەڵبژاردندا هانای بۆ خەڵک هێناوە بۆ ئەوەی مێژوو لە بیر بکەن و دەنگ بدەن، تا جارێکی دیکە ئەم کەشتییە تێکشکاوە بگەیەنێتە کەناراوێکی ئارام”.

لە بشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا دەخوێنینەوە: “دەیانەوێت سێدارەکان لە بیر ببەینەوە و شوێنی بەخاک سپێدرانی لەسێدارەدراوە بێ کفنەکان نەپرسین، ئاسەواری ئەشکەنجەکان لەسەر جەستەکانمان داپۆشێنین و بە بزەوە بچین دەنگ بدەین. خوێنە ڕژاوەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و ناوی سەدان کۆڵبەر کە بۆ نان گیانیان لێسەندوون لە بیر ببەینەوە”.

ئەو بەندکراوە سیاسییانە لە کۆتایی نامەکەیاندا نووسیویانە: “بایکۆتی هەڵبژاردن لە ئێستادا بووە بە ویستێکی گشتی لە سەرتاسەری ئێراندا و ئێمەش پشتگیریی ئەو ویستە گشتییە دەکەین و وەک ڕابردوو هەڵبژاردن بایکۆت دەکەین”.

ناوە ئەو بەندکراوانەی ڕاگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە:

“زەینەب جەلالیان” لە بەندیخانەی خۆی، “شاکر باقی” لە بەندیخانەی کاشمەر” و “ڕەحمی تورگوت، سیامەک ئەشرەفی، کامران دەروێشی، بەشیر پیرەماوانە، ئەحمەد تەمویی، ئیبراهیم عیسا پور، عەلی ئەحمەد سولەیمان، سابر کەمانی، پەیمان میرزازادە، پەرویز ناسری، فیروز موسازادە، کەمال حەسەن ڕەمەزان، حاتم ئۆزدەمیر، ڕەحیم مەحمودی ئازەر و محەمەد میرزایی” لە بەندیخانەی ورمێ