بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان / ٠٢.١٣، “لەیلا تیرئەندەری“، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی کە لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبارەوە / ٢٠١٩.١٢.٢٧، پاش ئەوەی بانگ کرابوو بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرکرابوو، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنە ئازادکراوە.

ئەو چالاکوانە مەدەنیی پاش دەستبەسەرکرانی بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو فشارانەی خرابووە سەر خۆی و “ئارمان وەفایی“ی هاوسەری بۆ ماوەی مانگێک دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن. لەو ماوەیەدا پلەی پاڵوپەستێی خوێن و کێشی جەستەی دابەزیبوو.

ئارمان وەفایی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١١.١٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٨ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.

تۆمەتی لەیلا تیرئەندەری و ئارمان وەفایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە “ئەندامبوونی حزبێکی کوردستانی” ڕاگەیەندراوە.

لەقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی ملی هەڵگری مۆڵەتی ڕەسمییە لە وەزارەتی ناوخۆی ئێرانە. لقی کوردستانی ئەو حزبە سێ ساڵ پێش ئێستا لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامێران دەستی بە چالاکییەکانی کرد و لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشانیشدا دەستیکرد بە پێکهێنانی کۆمیتەکان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان لە ساڵی پارەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ٢٠ ئەندامی ئەو حزبەیان دەستبەسەرکردووە و ناوەندەکانی ئەو حزبەیان لە شارەکانی سنە، مەریوان و کامێران داخستووە.