بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “سیامەک ئەشرەفی“، بەندکراوی سیاسیی کورد لە ٢٦ەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنیدا لە بەندیخانەی ورمێ بە نووسینی نامەیەکە ئاشکرایکرد لە ئەمڕۆوە مانگرتنی وشک دەست پێدەکات.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “سیامەک ئەشرەفی بەو هۆیەوە کە بەرپرسانی بەندیخانە گوێیان لە داواکارییەکانی خەواندووە لە ئەمڕۆوە مانگرتنی وشکی دەست پێکرد، ئەو بەندکراوە سیاسییە چووەتە نووسینگەی پاسەوانیی بەند و پاش ئاراستەکردنی نامەی مانگرتنە وشکەکەی لەوێ دانیشتووە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی بەندیخانەکە هەوڵیان داوە پاشگەزی بکەنەوە و بیگەڕێننەوە بۆ بەندەکەی، بەڵام قبوڵی نەکردووە.

سیامەک ئەشرەفی لە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانەوە / ٠١.٢١ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو.

بنەماڵەی سیامەک ئەشرەفی بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکە سەردانی لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزاکانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو نووسینگەیە وەڵامیان نەداونەتەوە و بێڕێزییان پێکردوون، ئەو بەندکراوە سیاسییەش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوتە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سیامەک ئەشرەفی دوو هەفتە پێش ئێستا بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخیی تەندروستییەوە برابوو بۆ ناوەندی تەندروستیی بەندیخانەکە، پزشکانی بەندیخانەکە پێداگرییان کردبوو مانگرتنەکەی بشکێنێت قبوڵی نەکردبوو.