بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستادا ١١ هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنیی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی ئەو شارەدا دەستبەسەرن و لەلایەن لێکۆڵەرە ئەمنییەکانەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی دانپێدانانی زۆرەملی لە ژێر گۆشاردان.

بەگوێڕەی سەرچاوەگەلی نزیک بە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوانە، ناوەندە ئەمنییەکان ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییانەیان مەرجدارکردووە بەوەی دان بەوە دا بنێن کە هاوکاریی حزبە کوردستانییەکانیان کردووە.

هەروەها لەم هەفتەیەدا “کامبیز ئەسەدی” و “ئارمان وەفایی” بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکراون.

ئارمان وەفایی ڕۆژیشەممە ١٩ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٨ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کراوە، ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١١.١٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو.

کامبیز ئەسەدی، هونەرمەند و بەڕێوبەری فێرگەی میوزیکی “دەنگی چیا”ش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە لەو دەستبەسەرگەیە ئازادکراوە، ناوبراو ڕۆژی ٢٧ی بەفرانبار / ٠١.١٧، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامێران دەستبەسەرکرابوو و برابوو بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

لەیلا تیرئەندەری“، پەرستار و بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی ژنانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەتی میللی کە لە ڕۆژی ٧ی بەفرانبارەوە / ٢٠١٩.١٢.٢٧دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن پاش نزیکەی مانگێک بەهۆی بەڵێنی بەرپرسە ئەمنییەکانەوە بۆ دیاریکردنی بارمتە بۆ ئازادکرنەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

تۆڕی مافەکانی کوردستان پێشتر ئاشکرایکردبوو کە لەیلا تیرئەندەر بەهۆی مانگرتن لە خواردنەوە پلەی پاڵوپەستێی خوێن و کێشی جەستەی دابەزیوە، ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە ئێستادا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنەدا بەسەردەبات و لێکۆڵینەوەکانی کۆتاییان هاتووە.

لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی ڕابردوو کاروانێکی هێزە ئەمنییەکان “هێرش خوسرەوی“یان بردووە بۆ ماڵەکەی لە گوندی “زەنان”ی سنە و پاش گەمارۆدان و پشکنینی ماڵەکە، دیسانەوە گەڕاندوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

دکتۆر “ئومێد مودەرێسی“، پزشکی ددان و یەک لە چلاکوانە مەدەنییە ناسراوەکانی مەریوان لە سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندناندا / کۆتایی مانگی ١، لەو شارە دەستبەسەرکرا و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەڕێکرا. ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

پەریسا سەیفی” کە پێشتر لە قەرەنتینەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنەوە برابوو بۆ ناو بەندی ئەو ناوەندەنە، هەر وا دەستبەسەرە. دەگوترێت دادگای شۆڕشی سنە هەموو جارێک بە بەهانەیەک ڕێگری دەکات لەوەی بارمتەی بۆ دابنرێت و ئازادبکرێت.

پەریسا سەیفی خوێندکار و چالاکوانی کولتوری و هونەریی کورد لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار / ٠١.١١لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاشان بۆ دەستبەسەرگەی “شەهرام فەر”ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەڕێکرابوو.

هەروەها “فەریدە وەیسی“، “سیروس عەباسی” و “ئازاد عەباسی“، چەند لە ئەندامانی کۆمەڵەی “شەیدای سەوز”ی لەلیلاخ لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبارەوە / ٠١.١٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ژێر لێکۆڵینەوەدان. سیروس عەباسی و هاوسەرەکەی فەریدە وەیسی لە شوێنی کارەکەیان لە فێرگەی “زانست” دەستبەسەرکرابوون، ئازاد عەباسی، برای سیروس عەباسیش پاش ئەوەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانی کردبوو دەستبەسەرکرابوو.

فەردین مورادی” و “گۆران یوسفی” پاش چەند هەفتەیەک دەستبەسەرکران هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لێکۆڵیەوەیان لەگەڵ دەکرێت. “ئەکبەر گەوێڵی“، چالاکوانێکی مەدەنیی دیکەش لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزەوە / ٢٠١٩.١١.٢٧، پاش ئامادەبوون لە دادگای سنەدا دەستبەسەرکراوە و هێشتا دەستبەسەرە.

هەروەها “مادح ئەحمەدی“، هاوڵاتی خەڵکی گوندی “سەرهۆیە”ی سنە ڕۆژی هەینی ١٣ی بەفرانبار / ٠١.٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و هێشتا دەستبەسەرە. ناوبراو پاش دەستبەسەرکرانی براوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تا ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.