“خەدیجە ئازەرپویا”، دایکی “خوسرۆ بەشارەت“، بەندکراوی سوننەی کورد کە سزای سێدارەکەی لەم دواییانە لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاستکراوەتەوە، لە نامەیەکی کراوەدا بۆ “جاوید ڕەحمان”، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران داوای لێکردووە ئەو سزایە ڕابگیرێت. لە بەشێکی نامەکەی دا ئاماژەی بەوە داوە کە کوڕەکەی بووەتە قوربانیی پیلانگێرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد و ورمێ.

خەدیجە ئازەرپویا هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە “کوڕە بێ تاوانەکەی” دە ساڵی باشترین ساتەکانی گەنجیی لە بەندیخانەدا بووە، دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بە “ستەمگە” ناوزەدکردووە و نووسیویەتی: “چۆن دەکرێت لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵات لە قۆناغی یەکەمدا سزایی سێدارەی ڕەتکردبووە کە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشەوە دەرکرابوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا لە کاتێکدا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر دۆسییەکە نەهاتووە سزای سێدارەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشەوە دەرکراوە”.

دایکی ئەو بەندکراوە سزادراوە بە سێدارە، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا بۆ جاوید ڕەحمان باس لەوە دەکات کە بەهۆی دوورخرانەوەی کوڕەکەی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج لەم ١٠ ساڵەدا زۆر کەم توانیویەتی چاوی پێی بکەوێت و تەنیا دڵخۆشیی ژیانی بووەتە بیستنی دەنگی کوڕەکەی لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە.

لە بەردەوامیدا نووسیویەتی: “تەنیا بەشم لە کوڕەکەم بووە بە بیستنی دەنگی، بەرەبەرە وای لێهاتووە کە دەموچاوییم لە بیر چووەتەوە”.

هەروەها باس لەوە دەکات، کە ئەو کاتەکەی کوڕەکەی دەستبەسەرکراوە تەنیا ٢٣ ساڵی تەمەن بووە، بەڵآم ٣٤ ساڵییەتی و لەو ماوەیەدا وەک دایکێکی پیری لێهاتووە کە پێکەنین و کەیفخۆشی لە ژیانی سڕاوەتەوە.

خەدیجە ئازەرپویا ئاماژەشی بە گۆڕینی بڕیاری دادگای باڵای وڵات لە دووەمین پێداچوونەوە بەسەر دۆسیەکەدا دەدات و باس لەوە دەکات کە هەموو ناوەندە بەڕواڵەت دادوەرییەکانی ئێران لەژێر کاریگەریی وەزارتخانەی ئیتلاعاتدان و هەرگیز بڕیاری سەربەخۆ نادەن.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: “کوڕەکەم بووەتە قوربانیی پیلانگێڕییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد و ورمێ، دەیانەوێت بە هەر جۆرێک بێت ملی کوڕەکەم بە پەتەوە بکەن، داواتان لێدەکەم ڕێگری بکەن لە جێبەجێکرانی ئەو سزا ستەمکارانەیە و کوڕەکەم بۆ بگەڕێننەوە”.