کەسێکی نزیک بە “محەممەد مورادی“، هاوڵاتی کوردی خەڵکی گوندی “قەبرە حوسێن”ی پیرانشار کە لە مانگی گوڵانی ساڵی پارەوە / ٢٠١٨.٠٤ دەستبەسەرکراوە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای کرد کە ئەو هاوڵاتییە لە ڕۆژی ڕابردووەوە لە بەندیخانەی نەغەدە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، “محەممەد مورادی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دواخرانەوەی دانیشتنی دادگاییەکەی لە ڕۆژی ٢٩ی گوڵانی ١٣٩٩ەوە / ٢٠٢٠.٠٥.١٨بۆ مانگی پوشپەڕ / ٢٠٢٠.٠٧ لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان / ٠٢.١١ەوە لە بەندی ٣ی بەندیخانە نەغەدە دەستی داوەتە مانگرتن”.

ئەو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢ی گوڵان ساڵی پار / ٢٠١٨.٠٤.٢٢ پاش ئەوەی بنەماڵەکەی هەماهەنگی پێشوەخت لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوخۆی ئێران کردبوو، لە دەروازەی سنووریی “کێلێ”ی سەردەشت دەستبەسەر کرابوو و برابوو دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ.

محەممەد مورادی بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرابوو و بەمەبەستی وەرگرتنی وتەی زۆرەملی بۆ دانپێدانان بە “ئەندامبوون لەناو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و و گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی چەکداری” خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئێستادا دۆخی تەدروستیی محەمەد مورادی زۆر ناجێگیرە و ئەوەش بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەیە کە لە سەردەمی دەستبەسەرکرانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ بەسەری هێندراوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی بەندیخانەی نەغەدە هیچ کارێک بۆ پێڕاگەیشتنی پزشکی بۆ ئەنجام نادەن.

یەکەم دانیشتنی دادگای ئەم هاوڵاتییە کوردە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا/ ٢٠١٩.٠٨ بە بێ ئامادەبوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بەڕێوەچووبوو. لە دانیشتنەکەی دادگادا تۆمەتی “چوونە دەرەوە لە وڵات بە نایاسایی” و “ئەندام بوون لە کۆمەڵ و گروپە نەیارەکانی وڵات”ی خرابوویە پاڵی، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن دادگاوە دەرنەچوو.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە دادگاکەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردبووە وا خرابووە پاڵی و بەڕاشکاوی بە دادوەری وتبوو کە ئەو دانپێدانانەی بە زۆرەملی لێوەرگیراوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی دیکە سەبارەت بە پرۆسەی دادگایی محەممەد مورادییەوە لێدوانی بۆ تۆڕ دابوو و وتبووی: دادوەر جەواد غوڵامی دوو جار لە بەندیخانەی نەغەدە چاوی بە محەمەد مورادی کەوتووە و پێی راگەیاندووە بە مەرجێک لەو دۆخە رزگاری دەبێت کە “دژ بە حیزبە کوردستانییەکان هاوکاری سپای پاسداران بکات و دان بەو تۆمەتانەدا بنێت کە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان پێیان هەڵبەستووە”. بەڵام ئەو ئامادە نەبووە هاوکاریان بکات و هەربۆیەش تا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە”.

محەممەد مواردی، تەمەن ٣٥ ساڵە، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵیشە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “سادق مورادی”  و “عەبدولرەحمان مورادی“یە.   هەر دوو براکەی لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا/ ٢٠١٩.٠٩ بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و پاشانيش ئەشکەنجەدانیان، لە ناوچەی سنووری “کۆتران”ی قەندیل کوژران.