“حوسێن عوسمانی”، بەندکراوی سیاسیی کورد شەشەمین ساڵی بەندکرانی ماوەی ٣٠ ساڵ سزاکەی لە بەندیخانەی ورمێذا تێپەڕ دەکات. ناوبراو بەهۆی چەندین نەخۆشییەوە پێویستیی بەردەوامی بە چاودێری پزیشکی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی گۆشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تا ئێستا ڕێگەی پێنەدراوە بۆ دەرمان بنێردرێتە دەرەوە بەندیخانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “حوسێن عوسمانی لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٢ / ٢٠١٤.٠٢.٢٣، بانگکرا بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادا و دەستبەسەرکرا پاش بەڕێکرا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. بۆ ماوەی ١٣ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو دەستبەسەرگەیەدا ڕاگیرا و خرایە ژێر ئەشکەنجەی زۆر قورسەوە. هەروەها لەو ماویەدا ڕێگەی پێنەدرا چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و مۆڵەتی تەنیا دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتی پێدرا”.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی کە حوسێن عوسمانی بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە تووشی چەندین نەخۆشی بوو و بۆ ماوەی ٤ مانگ لە نەخۆشخانەی “ئیمام خومەینی”ی ورمێدا خرایە ژێر چاودێریی پزشکییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نەگەیشتووەتە تەندروستیی تەواوی خۆی.

سەرچاوەکە سەبارەت بە پرۆسەی دادگایی ئەو بەندکراوە سیاسییەشەوە گوتی کە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٤دا / ٢٠١٥.٠٤، لەگەڵ دوو لە هاودۆسییەکانی بەناوەکانی “دیاکۆ ڕەسول زادە” و “سابیر شێخ عەبدوڵلا” لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەوادی کیا” بە تۆمەتگەلی “دژیاتیکردنی خوا (محاربە) لەڕێگەوی ئەندامبوونی کۆمەڵە” و “بەشداریکردن لە بۆمب دانانی ساڵی ١٣٨٩ / ٢٠١٠ لە مهاباد” بە سێدارە سزادران. ئەو بەندکراوانە تانەیان لەو سزایەدا و پاشان لەلایەن لقی ٤٧ دادگای باڵای وڵات ڕەتکرایەوە و نێردرایەوە بۆ لقی ١ دادگای شۆڕشی مهاباد.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لقی ١ی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەواد غوڵامی” لە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.١٠.٢٣ حوسێن عوسمانی بە ٣٠ ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ سزادا. ئەو سزایە ڕۆژی ٢٢ی پوشپەڕی ئەمساڵ / ٢٠١٩.٠٧.١٣ لەلایەن لقی ٣١ دادگای باڵای وڵاتەوە پەسندکرا. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە حوسێن عوسمانی لە هەر دوو دادگاکەدا بە ڕاشکاوی تۆمەتەکانی ڕەتکردبووەوە و ئاشکرای کردبوو کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی کراوە.

حوسێن عوسمانی لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ئەمساڵ / ٢٠١٩.٠٩.٢٣ پاش ١١ مانگ مانەوە لە بەندیخانەی مهاباد ڕەوانەی بەندیخانە ورمێ کرا و لە ئێستادا شەشەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەڕدەکات.

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی پاردا / ٢٠١٨.١١، سەرچاوەیەکی دیکە بۆ تۆڕی مافەکانی کوردستان دوا بوو و گوتبووی: “لە کاتێکدا حوسێن عوسمانی و دوو هاودۆسییەکەی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی کرابوون کە پێشتر بەرپرسە حکومەییەکان و سپای پاسداران سەبارەت بە بکەرانی تەقینەوەیەکەی مهاباد بانگەشەی جیاواز و دژ بە یەکیان کردبوو. وەزارتخانەی ئیتلاعات ڕۆژی ٢٨ی گوڵانی ساڵی ٩٢ / ٢٠١٣.٠٥.١٨ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک باسی دەستبەسەرکرانی سێ بکەتی تەقینەوەکەی کردبوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە سێ ساڵ پێش ئەوە “محەمەد پاکپور“، فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سپای پاسداران گوتبووی بکەرانی ئەو تەقینەوەیە کوژراون”.

فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی سپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنە ئێرانییەکان ڕایگەیانبوو کە پاش بەدواداچوونێکی زۆر “تیرۆریستەکان”ی بکەری تەقینەوەکەی مهابادمان ناسییەوە و ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ٨٩ / ٢٠١٠.٠٩.٢٥ لە شوێنێکی ئەو دیوی سنوورەکان لە تێکهەڵچوونێکدا هەموویان کوژران.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، لێکۆڵەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ سەرەتا لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە و پاشان لە ڕێگەی بەڵێندانەوە هەوڵیان داوە دانپێدانان لەو بەندکراوە سیاسییانە وەربگرن، بەڵێنیان پێدابوون ئەگەر تەقینەوەکە لە ئەستۆ بگرن ئازادیان دەکەن ئەگینا سزای سێدارەکەیان دەدەنە دادگا. حوسێن عوسمانیش لە پرۆسەی دادگاکەیدا بە ڕاشکاوی باسی ئەشکەنجەکانی کاتی دەستبەسەرکرانی کردووە بەڵام دادوەرەکە گوێی بە قسەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە نەگرتبوو.

کەنالی تەلەفزیۆنی پرێس تی ڤی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٣دا / ٢٠١٤.٠٩ ڤیدیۆی دانپێدانانە زۆرەملییەکانی ئەو سێ بەندکراوە سیاسییەی پەخش کردبووەوە.