خالید (سادێق) زەمانی

هاوڵاتی کوردی خەڵکی ماکۆ

دەستبەسەرکران: ١٠ی پوشپەڕی ١٣٨٧دا / ٢٠٠٨.٠٦.٣٠

تۆمەت: موحاربە (دژایەتیکردنی خوا) لەڕێگەوی ئەندامێتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

سزا: ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ ەبندیخانەی یەزد

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد

“خالید (سادێق) زەمانی”، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ لە ڕێکەوتی ١٠ی پوشپەڕی ١٣٨٧دا / ٢٠٠٨.٠٦.٣٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری “خۆی”دا بەسەختی ئەشکەنجە درا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.

ناوبراو پاشان لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری خۆیەوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر نەورۆزی” بە تۆمەتی ” موحاربە (دژایەتیکردنی خوا) لەڕێگەی ئەندامێتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە “بڕینەوەی دەستی چەپ و قاچی ڕاست” سزادرا.

ئەو سزایە پاش تانەلێدان بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردرا و لەوێ ڕەتکرایەوە. ناوبراو پاشان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە بە ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد سزادرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لەکاتێکدا بە “موحاربە” تۆمەتبارکرا و بەپێی ئەو تۆمەتە دادگایی کرا کە لە دۆسییەکەیدا هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەندامێتیی یان هاوکاریکردنی چالاکییە چەکدارییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا نەبوو. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ سەرماوەزی ١٣٨٨دا / ٢٠٠٩.١٢.٢١،  لە بەندیخانەی ماکۆوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرایەوە.

پارێزەری خالید زەمانی لەم دواییانەدا داواکارییەکی بۆ پێداچوونەوە بەسەر سزای بریگرتەکەیدا ئاراستە کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە یەکێکە لە هاودۆسییەکانی “فەسیح یاسەمەنی”. فەسیح یاسەمەنی بە تۆمەتگەلی هاوشێوەی تۆمەتەکانی خالد زەمانی دادگایی کرا و بە سێدارە سزادرا. ئەو سزایە لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٨٨دا / ٢٠١٠.٠١.٠٨ لە بەندیخانەی خۆیدا جێبەجێکرا.

خالید زەمانی باوکی ٤ منداڵە و لە ئێستادا لە کاتێکدا ١٢ یەمین ساڵی ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕدەکات کە لە هەموو ئەو ماوەیەدا مافی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی لێ زەوتکراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەندیخانەی یەزد داواکارییەکەی بۆ چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی پەسند کردووە.