بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٨، “هادی تەنومەند”، چالاکوانی کرێکاری و یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوی کرێکارییەکان بە ٣ ساڵ و نیو سزاوە لە بەندیخانی شاری بۆکان بەندکرا.

هادی تەندومەند لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩١/ ٢٠١٢.٠٦ دا لەکاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی گشتیی ساڵانەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوە کرێکارییەکان لە شاری کەرەج لەگەڵ ٥٧ ئەندامی دیکەی ئەو کۆمیتەیە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهر ڕەوانە کرابوو.

ئەو چالاکوانە کرێکارییە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩١ / ٢٠١٢.١٢.١٩ ئەم جارە لەگەڵ ٥ چالاکوانی کرێکاریی دیکە بەناوەکانی “محەمەد کەریمی”، “جەمال میناشیری”، “ئیبراهیم موستەفاپور”، “قاسم مستەفاپور” و “حەسەن ڕەسول نەژاد” لە شاری بۆکان دەستبەسەرکراو پاش ٤٣ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

ئەو ٦ چالاکوانە کرێکارییە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢دا / ٢٠١٣.١٢ لە لقی دووی دادگای شۆڕشی مهاباد دادگاییکران. هادی تەنومەند لەو دادگایەدا بە تۆمەتگەلی “ئەندامێتی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوە کرێکارییەکان” و “بانگەشە لەدژی کۆماری ئیسلامی” بە ٣ ساڵ و نیو بەندکران سزادرا.