تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەلماس ڕێگرییان کردووە لەوەی پرسە بۆ ئەندامێکی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بگیرێت کە هەفتەی ڕابردوو لە دەوروبەری کەمپی مەخمور لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ چەکدارەکانی داعش گیانی بەخت کردبوو.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، “ئەحمەد مورادپور”، خەڵکی گوندی “مەلحەم”ی سەربە سەلماس، ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە دەوروبەری کەمپی مەخمور لە تێکهەچوونێکدا لەگەڵ چەکدارەکانی داعش گیانی بەخت کردووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان بەختکردنی ئەحمەد مورادپور، بنەماڵەکەی هەوڵیان دا لە مزگەوتی گوندی مەلحەمێ پرسەی بۆ بگرن، بەڵام هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕێگریی لێ کردوون.

ئەو هێزانە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی مورادپور و پێیان گوتوون کە بۆیان نییە لە ماڵی خۆشیان پرسەی بۆ بگرن.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەکاتی سەردان بۆ ئەو ماڵە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لە ئەندامانی بنەماڵەکە کردووە و بێڕێزییان بە کەسوکار و ئاشناکانیان کردووە کە لەو کاتەدا لەوێ بوون.