خوسرۆ بەشارەت“، بەندکراوی سوننەی کورد لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەجدا بەندکراوە و ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕێبەندان / ٠٢.٠٣، سزای سێدارەی بە تۆمەتی “ئیفسادی فی لئەرز” لەگەڵ شەش هاودۆسییەی دیکەی بەناوەکانی “ئەنوەر خزری“، “کامران شێخە“، “داوود عەبدوڵلاهی”، “فەرهاد سەلیمی”، “قاسم ئابەستە” و “ئەیوب کەریمی” لەلایەن لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵاتەوە پەسندکرا، ئەو بەندکراوە سوننەیە نامەیەکی کراوەی بۆ ڕای گشتی و ناوەندە نێونەتەوەیییەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ نووسیوە و باسی ئەوەی کردووە کە وەزارتخانەی ئیتلاعات فشاری خستووەتە سەر دادگای باڵا بۆ ئەوەی ئەو سزایە پەسندبکات.

ئەو بەندکراوە سوننەیە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا باسی دەستبەسەرکرانی خۆی لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٨٨/ ٢٠١٠.٠٢ەوە بۆ ئێستای کردووە نووسیویەتی: “بۆ ماوەی سێ هەفتە بەردەوام ئەشکەنجە دەدرام و پاشان هەڕەشەیان لێدەکردم ئەندامەکانی بنەماڵەکەم دەستبەسەر دەکەن، لەو کاتەدا لێکۆڵەری دۆسییەکەم خۆی تۆمەت و دانپێدانانەکانی دەنووسی و بەزۆرەملی پێی واژۆ دەکردم، لە کاتێکدا لەو دۆخەدا دەتوت لەم جیهانەدا ناژیم و نەمدەزانی چی واژۆدەکەم”.

لە بەردەوامیدا دەقی تەواوەی ئەو نامەیە کە وێنەیەکی بەتایبەت بۆ تۆڕی مافەکای مرۆڤی کوردستان نێردراوە بخوێننەوە:

زیاتر لە ١٠ ساڵی باشترین ساتەنی گەنجی و تەمەنم بێبەشکراوم لە ئازادی و چێژ و جوانییەکانی ژیان، دوور خراومەتەوە لە کەسوکار و هاوڕێکانم و لە پشتی میلەکانی ژوورە تەسک و تاریکەکان بەندکراوم.

ژیانی چی؟ بەس بەناو ژیانە، ئەگینا مردنێکی بەشێنەییە و لەم ماوەیەدا مردووەیەک بووم کە توانیومە بە ڕێگادا بڕۆم.

ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی بەندکرانم ئەوەندەی خایەندووە کە چیتر لە بیرم چووەتەوە جیهانێکی دەرەوەی ئەم جیهانە بچووکە هەبوونی هەیە.

چونکە نادادوەری و ستەم سێبەری نائومێدییان خستووەتە سەر تەواوی جەستەم، دەڵێی دەبێت لەبیری ببەمەوە کە جیهانێکی دیکەش هەیە و وەها جیهانێک زیاتر بۆم بووە بە خەون و ئارەزوو.

وەک مرۆڤێکی زیندەبەچاڵم لێهاتووە کە هەرچی هاوار دەکەم کەس گوێی لە دەنگم نابێت.

ئەم وشانە لە خەون و وەهمەکانمەوە نەهاتوون، بەڵکو سەرچاوە لە ئێش و ئازاری ئەم ١٠ ساڵەی تەمەنم دەگرن.

ڕەنگە تێگەیشتن لەم دۆخە بۆ کەسێک کە وەها دا نەژیاوە قورس بێت، بەڵام بیرتان نەچێت کە ئێمەمامانیش بەشێکین لە ڕاستییەکانی هەبوونی ژیانی ئێوە.

دەمەوێت تۆزێک باسی ئێش و ئازاری ئەم ١٠ ساڵەی ژیانم بکەم.

لە سەروبەندی گەنجیمدا کە هەزاران ئاوات لە دڵمدا بوو و وەک هەموو هاوڵاتییەکی دیکە بەدوای ئارەزووەکانم کەوتبووم وەک مۆتەکەیەک بەسەرمدا ڕووخابێ و چیدی بە هەستان لە خەویش ئەو مۆتەکەیە کۆتایی نەیەت، ١٠ ساڵە لەو مۆتەکە تاڵەدا دێم و دچم.

لەمانگی ڕێبەندانی ١٣٨٨دا / ٢٠١٠.٠٢، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادەوە دەستبەسەرکرام و دەستبەجێ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترامەوە. بۆ ماوەی مانگێک لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا بووم و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان لێ بەسەر هێنام.

زۆربەی کاتەکان لە کاتژمێر ١٢ی شەوێ بەدواوە تا بەیانی بە دەنگی ئەشکەنجەدانی کەسانی دیکە ترسیان دەخستە ناو جەستەمەوە و تا بەیانی لە ترسان خەوم لێنەدەکەوت، بە شێووەیە ئەشکەنجەی دەروونییان دەدام.

بۆ ماوەیەکی زۆر دەستیان لە پشتەوە دەبەستمەوە و ئەوەش وایکردبوو دەستم هەمیشە ئێشی هەبێ.

چەندین جار بە بن میچەوە هەڵیاندەواسیم یان بە قەرەوێڵەوە دەیان بەستمەوە و بە کێبڵی ئەستوور لە بن قاچەکانیان دەدام، ئێشەکەی ئەوەندە زۆر بوو کە مێشکم لە دەممەەوە دەردەچوو و چاوەکانم دەردەپڕین و دڵم دەتەقی.

ئەو ئەشکەنجانە بۆ ماوەی سێ هەفتە بەردەوام بوون، پاشان هەڕەشەیان لێدەکردم ئەندامانی بنەماڵەکەم دەستبەسەردەکەن، لێکۆڵەری دۆسیەکەم خۆی تۆمەت و دانپێدانانەکانی دەنووسی و بە زۆرەملی پێی واژۆ دەکردم، ئەو لەکاتێکدایە کە من هەستم نەدەکرد لەم جیهانەدا ناژیم و نەشمدەزانی چی واژۆدەکەم.

مانگێک پاش دەستبەسەرکرانم هەر لەو دەستبەسەرگە ترسناکەدا، کەسێکیان ناردە لام کە وەک لێکۆڵەرێکی ئەمنی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردم، دواتر زانیم ئەوە بەرپرسی دۆسییەکەم لە لێپرسینەوەی دادگایە. بە منیان وتبوو کە ئەو کەسە پسپۆڕی دۆسییەکەتە و لە تارانەوە هاتووە.

دوو هەفتە دواتر جارێکی دیکە هاتەوە لام، ئەوسا تازە زانیم ئەوە بەرپرسی دۆسییەکەمە لە لێپرسینەوەی دادگا و هەموو تۆمەتەکانم ڕەتکردەوە. پاش دوو مانگ ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادیان کردم، تێگەیشتم کە ئەو کەسە تۆمەتگەلی وەکو “ئەندامێتیی ئەل قاعیدە” و “ئیفسادی فی لئەرزی” خستووەتە پاڵم.

بیرم دێت کە یەکەم جار منیان بە دەست و قاچ و چاوی بەستراوەوە بردبووە لای و واژۆیان لێوەرگرتم، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەر نەمدەزانی ئەوانەی واژۆیان دەکەم چییان تێدا نووسراوە.

ئەو کاتانە فشاریان خستبووە سەرم کە ئەندامبوونم لە ئەلقاعیدە و بەشداریکردن لە کوشتنی سەربازێکی پاسەوانی بانک لە ئەستۆ بگرم، حەوت مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕایان گرتم و بەبێ ئەوەی دوایین بەرگرییەکانم وەربگرن، لە مانگی ڕەزبەری ١٣٨٩ / ٢٠١٠.١٠ ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێیان کردم.

بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێدا مامەوە و لە کۆتاییەکامی مانگی سەرماوەزی ١٣٨٩دا / ٢٠١٠.١٢، ناردیانم بۆ بەندی ٣٥٠ی بەندیخانەی ئێڤین، لە مانگی پوشپەڕی ١٣٩٠ / ٢٠١١.٠٧ بە بۆندەخیانەی ڕەجایی شەهر گواستیانمەوە، ٥٠ ڕۆژی سەرەتای مانەوەم لەو بەندیخانەیەدا لە حوسێنییەیەکدا بەبێ هیچ دەرفەتێکی ژیان ڕاگیرام.

ئەو کاتەی لە بەندی ٣٥٠ی بەندیخانەی ئێڤیندا بووم ناردیانم بۆ لقی ٣ی لێپرسینەوە دادگای کارمەندەکانی دەوڵەت و کەسێک بەناوی “بەیگی” لێپرسینەوەی لێ کردم، منیش وەک دوایین جار لە مهاباد هەموو تۆمەتەکانم ڕەتکردەوە، بەڵام ئەو بۆی گرنگ نەبوو و دەقی ئەو تۆمەتانەی نارد بۆ ئەوەی داواکارینامەی داواکاری گشتیی بۆ ئامادە بکرێت.

پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ و بەفیڕۆچوونی کاتە خۆشەکانی گەنجیم لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهر، دادوەرێک بەناوی “محەمەدی” هاتە بەندیخانەی ڕەجایی شەهر و لە درێژەی سێ دانیشتندا دادگایی کردین، لەو دانیشتنانەشدا هەموو تۆمەتەکانم ڕەتکردەوە.

پاش ٦ مانگ بانگ کرام بۆ لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادگای شەهید موقەدەسی ئێڤین، لەو دادگایەدا بنەماڵەی ئەو سەربازەی (بەناوی ئیبراهیم شکاکی) کوشتنەکەی خستبووە ئەستۆی ئێمە لەگەڵ سێ شایەتحاڵ و بەڕێز “بەتگی” ئامادەبوون و شایەتییان دا بەچاوی خۆیان ئەو کەسانەی بە ئۆتۆمبێل بەو سەربازەیاندا کێشاوە بینیوە و دادگایان دڵنیا کردەوە کە ئێمە ئەو کەسانە نین.

پاش ئەو دانیشتنە ئەمین ناسری بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دۆسییەکە بۆ دادگای مهاباد نارد، سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هاوکات دوو کەسا بەناوەکانی “وەلی موستەفا خانی” و شاهۆ گشوارە” بە تۆمەتی کوشتنی ئەو سەربازە لە مهابادا دەستبەسەرکرابوون و لەلایەن لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێوە بە یەکیان بە “سێدارە” و ئەوی دیکە بە “١٠ ساڵ بەندکران” سزادرابوون. تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلەی سەربازەکەیان پێ کوشتبوو دۆزرابووەوە و ئاسەواری خوێنی سەربازەکە بەسەریەوە بینرابوو، ئەوە لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک دژ بە ئێمە لەبارەی ئەو دۆسییەوە لە بەردەستدا نەبوو.

پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە چوار کەسم لەوانەی لەم دۆسییەیەدا تۆمەتبارکراون پێشتر نەدەناسی و لە بەندیخانە ناسیومن. لەگەڵ ئەوەشدا دیسانەوە ئەو دوو تۆمەتبارەی تۆمەتەکەیان بەبەڵگە و شایەتیی شایەتحاڵەکان سەلمێندرابوو ئازاد کران.

لە ساڵی ١٣٩٥دا / ٢٠١٦ لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بەسەرۆکایەتیی دادوەر محەمەد موقیسە، من و هاودۆسییەکانم تۆمەتەکانمان دیسانەوە ڕەتکردەوە، هەروەها باسی شایەتی شایەتحاڵانمان کرد کە بەپێی ئێمە بێبەری دەکراین، بەڵام دادوەر موقیسە قبوڵی نەکرد و وتی شایەتحاڵی وا هەبوونی نییە.

دادوەر موقیسە هەموومانی بە سێدارە سزادا، تانەمان لە سزاکەدا و دۆسییەکە نێردرا بۆ لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی، ئەو دادوەرە بەڵگەکانی بە تەواو نەزانی و سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسییەکەی ئەم جار نارد بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی.

پاش ماوەیەک دۆسییەی کوشتنی سەربازەکە لە ڕیزی دۆسییە ئەمنییەکان دەرکرا و نێردرا بۆ دادگای سزادانی ورمێ. لە پاییزی ساڵی ١٣٩٦دا من، ئەنوەر خزری و کامران شێخە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواستراینەوە و بۆ ماوەی یەک ساڵ لەوێ بەند کراین.

ڕۆژی ١٦ی پوشپەڕی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.٠٧.٠٨ لەلایەن لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەرەب باغی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتندا بە ١٠ ساڵ بەندکران سزادرام، ئەنوەر خزری بە ١٠ ساڵ بەندکران و کامران شێخە بە سێدارە و ١٠ ساڵ بەندکران سزادران، ئەو بڕیارەش دیسانەوە نێردرا بۆ دیوانی باڵای وڵات.

لە پاییزی ساڵی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨، گەڕێندراینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهر، پاش گۆڕانی بەرپرسی دۆسییەکەمان لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادگای مهاباد و بەپێی بڕیاری بەرپرسی دۆسییەکە لە لقی ٦ دادگای ئێڤینی تاران من لە هەموو تۆمەتەکان بێبەری کرام و ئەوەش بە فەرمی لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر پێم ڕاگەیەندرا.

لەگەڵ هەموو ئەمانە دیسانەوە پێویست بوو لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران دادگایی بکرێم. دادوەر سەڵەواتی فشاری خستبووە سەرمان کە پارێزەرەکەمان، بەڕێز مەحمود عەلیزادە تەباتەبایی بگۆڕین و دەیوت تا ئەو کاتەی پارێزەرەکەتان نەگۆڕن پرۆسیە دۆسییەکە ناخەمە گەڕ.

ئێمە قبوڵمان نەکرد پێداگریمان کرد لەسەر ئەوەی پارێزەرەکەمان بەڕێز عەلیزادە تەباتەبایی بمێنێتەوە، لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٨دا / ٢٠١٩.٠٦ لەلایەن دادوەر سەڵەواتی دادگایی کردین، هاوکات هەڕەشەیان لە پارێزەرەکەمان کردبوو کە تەنانەت لێمان نزیکیش نەبێتەوە، بەداخەوە لەو دادگایەشدا کە نوێنەرێکی وەزارەتخانەی ئیتلاعاتیش تێیدا ئامادەبوو، دیسانەوە سزای سێدارەمان دەرکرا و پاشان دۆسییەکە نێردرایەوە  بۆ لقی ٤١ی دادگای باڵای وڵات.

لەم ماوەیەدا دادوەری ئەو لقی دادگای باڵای چەندین جار بەڵێنی دابووە پارێزەرەکەمان کە ئەو سزایە هەڵدەوەشێتەوە و بۆ ١٢ بۆ ١٥ ساڵ بەندکران کەم دەکرێتەوە.

بەڵام لەکاتێکدا بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوان نەدەکرا ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندان/ ٠٢.٠٣ بە بنەماڵەکانمان ڕاگەیەندراوە کە سزای هەر حەوت کەسەکە سێدارەیە و دادگای باڵای وڵات ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

پارێزەرەکەمان لەگەڵ ئەوەی جەختی کردبووەوە کە بەهیچ شێوەیەک بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لە ئارادا نین بە بنەماڵەکانمانی وتبوو کە ئەو سزایە لەژێر فشاری وەزارەتخانەی ئیتلاعاتدا دەرکراوە.

ئێستا، من، خوسرۆ بەشارەت، بەندکراوە سیاسیی سوننە لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج بوومەتە قوربانیی سیناریۆی قێزەونی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد و ورمێ و داوا لە هەموو ئازادیخوازان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسەکان، مامۆستای زانکۆکان، ڕاگەیەندنەکان، ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەتی هیومان ڕایتس وۆچ، لێبوردنی نێونەتەوەیی و کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕێزدار میشێل باشلە و ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەڕێز جاوید ڕەحمان دەکەم کە دەنگی سەتەملێکراوی من ببیستن و ڕێگەنەدەن ببمە قوربانی پیلانگێڕی قێزەونی ئەم ستەمکارانە، تکا دەکەم بۆ دەستەبەرکردنی مافە پێشێلکراوەکانم دەستێوەردان بکەن و داوا لە برپرسانی ئێرانی بکەن وەڵام بدەنەوە.