بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “چیا محەمەدی”، چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنەوە بە سەرۆکایەتیی “دادوەر تەیاری” بە ٦ ساڵ بەندکردن سزادرا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشەوە بە ٥ ساڵ بەندکردن سزادرابوو.

چیا محەمەدی پێشتر لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٧دا / دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا دەستبەسەربوو. ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە بە “پەیوەندیکردن بە حیزبێکی کوردستانی”، “هەوڵدان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی”، “بانگەشە دژ بە کۆماری ئیسلامی” و “بڵاوکردنەوەی قسەی نەڕاست” تۆمەتبار کرابوو و لە ئەنجامدا بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە لە دۆسییەکی دیکەدا بە تۆمەتی “کۆبوونەوەی و پیلانگێڕی دژ بە کۆماری ئیسلامی” لەسەر سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان بۆ لقی دووی لێپرسینەوەی دادگای شۆڕشی سنە بانگ کرابوو و پاشان بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو. دانیشتنی دادگا بۆ ئەو دۆسییەی هێشتا بەڕێوەنەچووە.