بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٠ی ڕێبەندنان / ٠١.٣٠، “پەروین ئەدوایی“، چالاکوانی مەدەنیی کورد بەمەبەستی تێپەڕکردنی ٢ ساڵ سزای بەندکران بۆ ناوەندی پەروەردە و چاکسازی (بەندیخانەی ژنان) ی سنە ڕەوانەکرا. ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرابوو، بەڵام ئەو سزایە دواتر لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە لێدوانێکی بۆ تۆڕ دا و گوتی: “پەروین ئەدوایی لە کاتێکدا گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە کە تووشی نەخۆشیی کەم کاریی ڕژێنی دەرەقی (تیرۆید)ە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسە دادوەرییەکانی مەریوان ئاگاداریی ئەو نەخۆشییەی پەروین ئەدوایی بوون، پاش بڕانەوەی سزاکەی دەستبەجێ بانگیان کردبوو بۆ بەندیخانە بۆ ئەوەی ماوەی سزاکەی تێپەڕبکات.

ئەم ژنەچالاکوانە لە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ/ ٢٠١٩.٠٧.٢ پاش هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرایەوە. ناوبراو لە رێکەوتی حەوتی رەزبەر/ ٢٠١٩.٠٩.٢٩ پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە گوازرایەوە.

پەروین ئەدوایی رۆژی ٢ی رەزبەر/ ٢١٠١٩.٠٩.٢٤ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی تا کۆتایی پرۆسەی دادگا، لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە سنە ئازاد کرا.

ناوبراو لە ساڵانی رابردوودا لە بواری مافەکانی ژنان، مافی منداڵان و بواری ژینگە لە شاری مەریوان چالاکی ئەنجامداوە. هەروەها لە بەدواداچوونەکان بۆ دۆسییەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵێک لە گوندی “سلین”ی هەورامان رۆڵی بەرچاوەی هەبوو.