موزەفەر سەکانوەند لەکران

هاوڵاتی یکوردی خەڵکی ماکۆ

دەستبەسەرکران: ٣ی ڕەزبەری ١٣٩١ / ٢٠١٢.٠٩.٢٤

تۆمەت: دژایەتی لەگەڵ خودا (محاربە) لەڕێگەی هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

سزا: دوورخرانەوە بۆ شاری بۆرازجان (کەتووەتە پارێزگای بووشەهر لە باشوری ئێران) بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی بۆرازجان

موزەفەر سەکانوەند لەکران، لە رێکەوتی ٣ی ڕەزبەری١٣٩١ / ٢٠١٢.٠٩.٢٤ لە شارۆچکەی “شوت”ی سەربە ماکۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە و ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعتی ماکۆوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترایەوە. پاشان دادگای گشتی و شۆڕشی شارۆچکەی شوت داواکارینامەی داواکاری گشتیی نارد بۆ دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆی.

لقی یەکی دادگای شۆڕشی خۆی لە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ / ٢٠١٣.١٠.٢٥ ئەو هاوڵاتییەی بە تۆمەتی “دژایەتی لەگەڵ خودا بە هۆی ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە دوورخرانەوە بۆ شاری بۆرازجان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سزادا. جێگەی ئاماژەیە کە ئەو سزایە بەگوێرەی مادەکانی ١٨٦ و ٦١٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی دەکرا.

ئەو سزایە لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ / ٢٠١٤.١٢.٠١ لەلایەن لقیی ١٤ی دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە و موزەفەر سەکانوەند لەکرانی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی بۆرازجان ڕەوانەکرا. بەڵام لەو کاتەوە بۆ ئێستا بەبێ ئەوەی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی و مۆڵەتی چوونەوە دەرەوە لە بەندیخانەی پێ درابێت لە بەندیخانەدا بەندکراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە دادنامە سەرەتایی و کۆتاییەکانی دۆسییەی ئەو موزەفەر سەکانوەند لەکرانیدا هیچ ئاماژەیەک بە سزای بەندکران نەدراوە.

پێدەچێت بەرپرسانی ئەمنی و داد بۆ ڕەوایی پێدان بە بەندکردنی ئەو هاوڵاتییە پشتییان بەو بەشەی بڕیاری دادگا بەستبێت کە تێیدا هاتووە: “تۆمەتبار لەکاتی دوورخرانەوەیدا بۆی نییە هاتووچۆ و چاوپێکەوتنی لەگەڵ هیچ کەسێکدا هەبێت”. ئەوە لە کاتێکدایە ئەو بەشەی بڕیاری دادگا لە ڕووی مافناسییەوە ڕەوایی نادات بە بەندکردنی تۆمەتبار.

هەروەها وەکچۆن لە مادەی ١٨٩ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە ڕێگەی سەلماندنی تۆمەتی “دژایەتی لەگەڵ خودا” دانپێدانانی تۆمەتبار بەبێ فشار و بە ڕەزامەندیی خۆیەتی. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە دادنامەی کۆتایی دۆسییەکەدا بە ئاشکرا باس لەوە کراوە کە “تۆمەتبار لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ماکۆ ئەشکەنجە دراوە و بە زۆرەملی وتەی لێوەرگیراوە”.

موزەفەر سەکانوەند لەکرانی لە کاتی دەستبەسەرکردنی هەتا ئێستا مافی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونە دەرەوە لە بەندیخانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لێ زەوتکراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە زەینەب سەکانوەند لەکرانی، ئەندامێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٧ / ٢٠١٨.١٠ بەتۆمەتی “کوشتنی هاوسەرەکەی” لە بەندیخانەی ورمێدا لەسێدارەدرا. زەینەب لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیریی کردبوو و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرکەی کوشتبوو. دەگوترێت کە ناوبراو بەمەبستی بەرگریکردن لە خۆی لەبەرامبەر توندوتیژییەکانی هاوسەرەکەیدا هەستاوە بە کوشتنی.

چالاکوانانی مافی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، زەینەب سەکانوەندیان بە قوربانیی هاوسەرگیریی منداڵان و توندوتیژیی دژی ژنان بەناوکرد و لەدژی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ کەسێک کە لەکاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە، ناڕەزاییان دەربڕی.