تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی دەستڕێژیی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی سەلماس، سەردەشت و پیرانشار بریندار بوون.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، ڕۆژی هەینی ٤ی ڕێبەندان / ٠١.٢٤، هێزەکانی پاسەوانیی سەر سنووری کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت پۆلێک کۆڵبەریان بە ئامانج گرتووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی “مەحیەدین عەزیزی” بریندار بووە.

هاوکات کۆڵبەرێک بەناوی “سالار ڕەحمانی” لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی ئەو هێزانە و برینداربووە. ناوبراو پاشان بەڕێکراوە بۆ ناوەندێکی پزیشکی و تەندروستیی ئەو شارە.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ٦ی ڕێبەندان / ٠١.٢٦، پۆلێک کۆڵبر لە بەرزاییەکانی چیای “قەندیل”ی سەربە پیرانشار دراونەتە بەر دەستڕێژیی گولـلە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی “ئەسعەد پیری” بریندار بووە. ئەو کۆڵبەرە پاشان براوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ و لە ئێستادا لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە، لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، ٥ کۆڵبەر و کاسبکار لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کوژراون و ١٠ کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها سێ کۆڵبەری دیکە لەو مانگەدا بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەسەر بەرزاییەکانەوە برینداربوون.