بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “هاجەر ئاردەسی”، هاوڵاتی کوردی خەڵکی گوندی “ئاغ گوڵ”ی سەربە شاری ماکۆ لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە / ٢٠١٨.٠٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا دەستبەسەرە.

سەرچاوەیەکی نزیک بەو هاوڵاتییە کوردە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “هاجەر ئاردەسی پاش پێنج ڕۆژ دەستبەسەرکران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ماکۆ بۆ بەندیخانەی شاری خۆی ڕەوانە کراوە.  ماوەی هەفتەیەکیش لەو بەندیخانەیەدا دەستبەسەربووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاوڵاتییە کوردە لە سەرەتەکانی مانگی خەرمانانەوە / ٢٠١٨.٠٨ بۆ ئێستا لەو دەستبەسەرگەیەدا دەستبەسەرە و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە “بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی لە ژێر فشار و ئەشکەنجەدایە”.

جێگەی ئاماژەیە کە هاجەر ئاردەسی لە ماوەی ئەو ٥ مانگەدا ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت و پەیوەندیی تەلەفۆنییان پێوە بکات.