بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە، لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، ٥ کۆڵبەر و کاسبکار لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون، هەروەها ١٣ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئەو ئامارانە، دوو کەس لەو کوژراوانە لە مانگەکانی ڕابردوودا کرابوونە ئامانجی تەقەی هێزە سەربازییەکان و سەرئەنجام لەم مانگەدا بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لە دەستداوە.

سەبارەت بە ئاماری بریندارەکان پێویستە بگوترێت کە ١٠ کەس لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و ٣ کەسی دیکەش بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەسەر تاشەبەرد و بەرزاییەکانەوە برینداربوون.

جێگەی ئاماژەیە لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە ٢ کوژراو و ٢ بریندار و ناوچە سنوورییەکانی خۆی بە ٣ بریندار زیاترین قوربانییان لێکەوتووەتەوە. ئامارەکان پیشانی دەدەن کە هەموویان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە سەربازییەکاندا کوژراون و برینداربوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان لە ساڵی ٢٠١٩ دا بڵاوکردووەتەوە. بەگوێڕەی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٧٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەلایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران یان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکان و ڕێگا مەترسیدارەکانەوە گیانیان لەدەست داوە. و ١٦٥ کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەش برینداربوون.