بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە، لە مانگی بەفرانباردا ٣٩ هاوڵاتی، خوێندکار و چالاکوانی مەدەنی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و ١٠ هاوڵاتی دیکەش بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون.

بەپێی ئەو ئامارانە ٣٣ لەو دەستبەسەرکراوانە تا ئێستا دەستبەسەرن یان هیچ هەواڵێک سەبارەت بە ئازادکردنیان لە بەر دەستدا نییە و ٦ هاوڵاتی دیکەش بە دانانی بارمتە یان بڕیاری کەفالەت ئازادکراون.

لەو مانگەدا هەروەها ٩ خوێندکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، لەوان پێویستە ئاماژە بە ٣ خوێندکاری زانکۆی کوردستان لە سنە و ٥ خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان بدرێت کە پاش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندنە خوێندکارییەکان دژ بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکران.

زیاترین ئاماری دەستبەسەرکرانی هاوڵاتیان تایبەتە بە شاری سنە بە ١٠ دەستبەسەرکراو و کرماشان بە ٨ دەستبەسەرکراوەوە، پاش ئەوان شاری مەریوانە کە ٦ هاوڵاتیی لێ دەستبەسەرکراوە.

سەبارەت بەو هاوڵاتیانەی لەم مانگەدا بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەکان ڕەوانە کراون، پێویستە بگوترێت کە هەموویان بە تۆمەتگەلی وەک “هاوکاریکردن یان ئەندامبوونی حزبە کوردستانییەکان” بە بەندکران سزادراون. لەو بوارەشدا زیاترین ئامار تایبەتە بە شاری شنۆ کە لەو مانگەدا ٥ هاوڵاتیی لێ ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.