هەژار عەلی پور، برای “هۆشمەند عەلی پور“، بەندکراوی سیاسیی کوردی سزادراو بە سێدارە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی کە سزای سێدارەی دەرکراو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە دژ بە هۆشمەند “هیچ پەیوەندییەکی بە دۆسییەکەیەوە نییە، بەڵکو تۆڵە سەندنەوەی وەزارەتخانەی ئیتلاعاتە لە بنەماڵەی عەلی پور”.

هۆشمەند عەلی پور، هاوڵاتی خەڵکی سەردەشت لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباردا / ٢٠١٩.١٢.٢٨ بە تۆمەتی “بەغی لەڕێگەی ئەندامبوونی پارتی ئازادی کوردستان (پاک)” بە سێدارە سزادرا، ناوبراو ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ساڵی پار / ٢٠١٨.٠٨.٠٣  لەگەڵ “محەمەد ئوستاد قادر” لە ناوچەی کەلێخانێ سەربە شاری بانە دەستبەسەرکرابوو.

بەپێی قسەکانی هەژار عەلی پور “هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاوڵاتییەدا بە سەختی ئەشکەنجەیان داون تا ئەو ڕادەیەی بووراونەتەوە، هەر بەو حاڵەشەوە بردوویانن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە و لەوێش ئەشکەنجەیان داون، ئەو ئەشکەنجانە ئەوندە دڕندانە بوون کە پاش دوو ڕۆژ دانپێدانانی زۆرەملییان لێوەرگرتن و لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی دا پەخشیان کردەوە”.

هەژار عەلی پور لە بەردەوامیدا گوتی: ” هۆشمەند پێشتر ڕۆژی چوارشەممە سوریی ساڵی ١٣٨٨ / ٢٠١٠.٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و برابوو بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعۆاتی ورمێ. سەرەنجام بە تۆمەتی هەستان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی و بانگەشە لە ئاستی بەرژەوەندییەکانی حزبەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی بە ٤ ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٥ قامچی سزادرابوو”.

لەو ڕووەوە کە هۆشمەند عەلی پور لەو کاتەدا تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە براوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ورمێ و پاش ماوەیەک گواستراوەتەوە بۆ بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ و سزای قامچییەکەی جێبەجێکراوە. سەرەڕای ئەوەی هۆشمەند عەلی پور لە ساڵی ١٣٩٢/ ٢٠١٣دا پاش کۆتایی هاتنی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازادکراوە، بەڵام ئیدارە ئیتلاعات بەردەوامییان داوە بە فشارەکانیان بۆ سەر ئەو بنەماڵەیە بۆ ئەوەی هۆشمەند ناچار بکەن هاوکارییان بکات.

هۆشمەند عەلی پور بۆ ئەوی خۆی لە ژێر ئەو گۆشارانە ڕزگار بکات چووە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و چالاکییە سیاسییەکانی لەوێ دەستپێکردووە. لە ساڵی ٢٠١٤دا دەربازی تورکیا بووە بەڵام پاش دەستپێکردنی شەڕی داعش گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و بوو بە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک).

هەژار عەلی پور دەڵێت: ” گەڕانەوەی هۆشمەند عەلی پور و محەمەد ئوستاد قادر بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بەمەبەستی چالاکیی سیاسیی بووە و ئەو وێنانەی لە تەلەفزیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو کراونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە چەک و تەقەمەنییان پێ بووە دوورن لە ڕاستی”.

لە بەردەوامیدا ئاماژەی بە “هاوکاریی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان” سەبارەت بە دۆسیەکە دا و گوتی :”تەنانەت پارێزەری براکەشم پشتی بەو دانپێدانانە زۆرەملییانە بەستووە و لە دادگاکەیدا هیچ بەرگرییەکی لێنکەردووە”.

هۆشمەند عەلی پور و محەمەد ئوستاد قادر ڕۆکی ٢٨ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٩ پاش ١٠٨ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعۆاتی سنەوە بۆ قەرەنتینەی بەندیخانەی سەقز بەڕێکراون و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاتی سنەدا ڕێگەیان پێدراوە چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت.