بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٢ی ڕێبەندان / ٠١.٢٢، “بڕیار کاوە”، هاوڵاتی کورد بەمەبەستی تێپەڕکردنی ٢ ساڵ سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان کرا.

بڕیار کاوە، هاوڵاتیی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی گوندی “نێ”ی مەریوان لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی پاردا / ٢٠١٨.١٠.١٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش مانگێک لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترابووەوە. ناوبرا سەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ / ٢٠١٨.١١.١٩، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازادکرابوو.

بڕیاڕ کاوە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی پاردا / ٢٠١٩.٠٣، لەلایەن دادگای شۆڕسی مەریوانەوە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران” دادگاییکرا و بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ئەو سزایە پاش تانەلێدان لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەو هاوڵاتییە کوردە پێشتر کاتێک کە تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بووە بەتۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران” بۆ ماوەی ساڵێک لە بەندیخانەدا بووە.